
پارتی دەم: نامانەوێت لە پاڵ پارتێک و لە دژی پارتێک بوەستینەوە.
پارتی دەم: ئەندامانی جەهەپە لە ئەنجوومەنی شارەوانی هەڵبژێردراون دەکشێنێتەوە.
پارتى دەم: لە جێگەى ئەندامانى جەهەپە ئەندامانى خۆمان دادەنێین.
پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی 31ـی ئازاری 2024دا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی "سازانی شارەکان"دا، پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) و پارتی کۆماریی گەل( جەهەپە) بڕیاریاندا بە یەک لیست داببەزن، ئێستا پارتی دەم ئەندامانی خۆی لە لیستەکە دەکشێنێتەوە.
تایبەت بوو بە هەڵبژاردنە خۆجییەکانی2024 پارتی دەم لە ژمارەیەک پارێزگای ڕۆژئاوای تورکیا.
بەربژێری خۆی بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی پێشکەش نەکرد و پشتیوانییان لە بەربژێری هاوبەش کرد.
لیستی هاوبەشی بەربژێرانیان بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی پێشکەشکرد.
لە هەریەک لە ئیستانبوڵ و مێرسین، بەربژێرانی پارتی دەم لەسەر لیستی جەهەپە خۆیان هەڵبژارد.
ئەمڕۆش لە ڕاگەیێنراوێکدا پارتی دەم ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی کە لەسەر لیستەکانی جەهەپە هەڵبژێردراون دەکشێنێتەوە. و فراکسیۆنی خۆیان وەک پارتی دەم لە هەردوو ئەنجوومەنی شارەوانی مێرسین و ئیستانبوڵ پێکدەهێنن.
پارتی دەم دەڵێت لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی هەریەک لە ئیستانبوڵ و مێرسین کە سەربە پارتەکەیانن کۆبوونەتەوە و ئەندامەکان خواستی خۆیان بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنێک لە ژێر ناوی پارتی دەمدا دەربڕیوە و پاش هەڵسەنگاندنی لە لایەن سەرکردایەتیی پارتەکەوە، داواکارییەکەیان پەسەندکراوە.
کەناڵ8، پەیوەندیی بە بەرپرسانی پارتی دەمەوە کرد لە بارەی ئەوەی سەرەڕای تێپەڕینی ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ و نیو بەسەر هەڵبژاردنەکاندا، هۆکاری ئەوەی ئێستا ئەم هەنگاوەیان هاویشتووە، بۆ چ شتێک دەگەڕێتەوە، لەوبارەیەوە ئەلیف بوڵوت ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندیی ڕاپەڕاندنی پارتەکە باسی لەوەکرد هەر لە پاش هەڵبژاردنەکانەوە ویستوویانە ئەم هەنگاوە بهاوێژن بەڵام بەهۆی گوشارەکان بۆ سەر جەهەپە پلانەکەیان دواخستووە.
ئەلیف بوڵوت دەشڵێت، "لە قۆناغی ئێستادا بە هۆی دابەشبوونی جەهەپەوە و پەیوەندییکردنی ژمارەیەک لە ئەندامانی بە ڕیزەکانی پارتی نوێوە، باوەڕمان وایە چیتر پێویست ناکات پلانەکە دوابخەین و لە بەرامبەر پارتێکی سیاسییدا، پشتیوانیی پارتێکی دیکە بکەین".
بە گوێرەی زانیارییەکانی بوڵوت، پارتی دەم لە ئەنجوومەنی شارەوانی ئیستانبوڵ لە کۆی 316 ئەندام خاوەنی 15 ئەندامە کە ئەرکی پێنجیان بە هۆی ڕێکاری یاساییەوە هەڵپەسێردراون. هەروەها لە ئەنجوومەنی شارەوانی مێرسین خاوەنی 10 ئەندامە.
ئەگەرچی پارتی دەم ڕەتیدەکاتەوە دروستکردنی فراکسیۆن لە ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی ئیستانبوڵ و مێرسین، لە ئایندەدا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دەسەڵاتداربێت، بەڵام دەنگی ئەندامانی پارتەکە دەکرێت لەو بڕیارانەی لە ئەنجوومەنەکان دەدرێن، یەکلاییکەرەوە بێت.
دابەشبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی ئیستانبوڵ بەر لە بڕیارەکەی پارتی دەم
جەهەپە162 ئەندام
ئاکپارتی 127 ئەندام
پارتی نوێ11 ئەندام
مەهەپە شەش ئەندام
بەبەپە دوو ئەندام
سەربەخۆ هەشت ئەندام
دابەشبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی ئیستانبوڵ پاش لە بڕیارەکەی پارتی دەم
جەهەپە93 ئەندام
ئاکپارتی130 ئەندام (سێ ئەندامی جەهەپە چوونە ڕیزەکانی)
پارتی نوێ84 ئەندام
پارتی دەم 15 ئەندام
مەهەپە شەش ئەندام
بەبەپە دوو ئەندام
سەربەخۆ چوار ئەندام
