دوو سەرچاوە لە حیزبوڵای عێراقی بۆ کەناڵ8: جورفولنەسڕ چۆڵ ناکەین

دوو سەرچاوە لە حیزبوڵای عێراقی بۆ کەناڵ8: جورفولنەسڕ چۆڵ ناکەین

00:00/00:00

پووختەى هەواڵ

  • گرژییەکانى نێوان حیزبوڵا و عەلى زەیدى پەرەدەسێنن.

  • حیزبوڵا، زەیدى بەوە تۆمەتبار دەکەن بە فشاری ئەمریکا دژی ئەوان دەجوڵێتەوە.

  • حیزبوڵا بۆچوونى وایە ئەوەى زەیدى دەیکات دەستى تۆم باراکى تێدایە.


دوو سەرچاوە لە حیزبوڵای عێراقی، ڕەتیدەکەنەوە پابەندی ئەو وادەیەی حکومەتەکەی عێراق بن کە بۆ چۆڵکردنی جورفولسەخر دیاریکردووە، کە ئەوان بە جورفولنەسڕ ناوى دەبەن، هەروەها زەیدی بە شکاندنی پەیمان و ڕێککەوتنەکان تۆمەتبار دەکەن.


دوو سەرچاوە لە حیزبوڵای عێراقی بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوەکانیان قسەیان بۆ کەناڵ8 کرد:

  • حیزبوڵا چۆڵکردنی جورفولسەخر بە تەواوەتی ڕەتدەکاتەوە.

  • جورفولنەسڕ – جورفولسەخر- تەنیا ناوچەیەکی سادە نییە، بەڵکو پێشتر سەرچاوەی تیرۆر و کوشتن و تەقینەوەکان بووە.

  • 12 ساڵە لەژێر دەسەڵاتی حیزبوڵادایە و پارێزگاری لێدەکات.

بەقاچاغبردنى نەوت

ئەو سەرچاوەیە، بابەتی بەقاچاخبردنی نەوت بە هەوڵێک بۆ "ناشرینکردنی کەتیبەکانی حیزبوڵا و پیلانی ئەمریکا و خودی تۆم باراک" دەزانن، و ڕەتیدەکەنەوە هیچ نەوتێک لەو ناوچەیەوە بە قاچاخ ببرێت و دەستکاری هیچ بۆرییەکی نەوت کرابێت.

دوو سەرچاوەکە:

  • تەواوی گرووپەکانی مقاوەی ئیسلامی لە عێراق، ئەوانەی چەکیان ڕادەستی حکومەت نەکردووە، پشتیوانی لە کەتیبەکانی حیزبوڵا دەکەن.

  • ئەو هەوڵەی لەلایەن زەیدییەوە دەدرێت بە جێبەجێکردنی پلانەکانی ئەمریکایە.

ئەگەرى پێکدادان

سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی پێکدادانی چەکداری لەگەڵ هێزە عێراقییەکان لە ئەگەری ڕژدبوونیان بۆ هاتنەناو جورفولسەخر، ئەو سەرچاوانەی حیزبوڵا ڕایانگەیاند، ئەوان دژی هەموو جۆرە خوێنڕشتن و پێکدادانێکن، هەوڵ هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە و بۆچوونیان وایە دۆخەکە بەرەو چارەسەر بوون دەڕوات.

ئەو دوو سەرچاوەیە جەختیان لەوەکردەوە، کەتیبەکانی حیزبوڵا پێش کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، ڕێککەوتنی سەروەریان لەگەڵ لیژنەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی و حکومەتدا واژۆ کردووە، بە تەواوەتی پابەندی ڕێککەوتنەکە بوون و هیچ هێرشێکیان نەکردووەتەوە سەر هیچ لایەنێک، بەڵام حکومەتەکەی زەیدی لە بەڵێنەکانی پاشگەزبووەتەوە و پەیمانەکەی نەبردووەتە سەر.

قەڵایەکى نهێنى

دوای کۆنتڕۆڵکردنی جورفولسەخر لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە لەدەستی داعش لە 2014، هێزەکانی حیزبوڵای عێراقی لەو ناوچەیە جێگیربوون و ڕێگەیان نەدا، هیچ دانیشتوویەکی ئەو شارۆچکەیە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

جورفولسەخر کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی ئەنبار، کەربەلا و بەغداد، زۆرینەی دانیشتووانەکەی عەرەبی سوننە بوون، لە ساڵی 2014ـەوە بووەتە ناوچەیەکی ئەمنیی داخراو و ڕێگەنەدراوە هیچ بەرپرسێکی حکومی یان سەربازی سەردانی بکات.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

لە جورفولسەخر چۆن نەوت دزراوە زانیاریى نوێ ئاشکرا بوو؟

حەیدەر عەبودى: ئەگەرى هەیە سوپاى عێراق بچێتە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان

Loading related news...