
تۆم باراک باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، لەبارەی ئەگەری جەنگی نێوان ئیسرائیل، سووریا و تورکیا هۆشداری دەدات و دەڵێت، کار بۆ کەمکردنەوەی ئەگەرەکانی ئەو جەنگە دەکەن.
تۆم باراک، بە ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی گوتووە، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی زهور لە ئیدلب، مەترسی پێکدادانی سەربازیی ڕاستەوخۆی نێوان، سووریا، ئیسرائیل و تورکیا لەخۆدەگرێت.
باراک کە هاوکات نوێنەری تایبەتی ئەمریکایە بۆ سووریا و عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، کار لەسەر میکانیزمێک دەکەن، کە ڕێگری لە هەر ئەگەرێکی پێکدادان لە نێوان ئەو سێ وڵاتەدا بکات.
باراک پێشنیازی دامەزراندنی یەکەیەکی هەماهەنگی و هاوکاری کرد، کە کارمەندانی شارەزا کاری تێدا بکەن و سەرجەمیان بەڕوونی زمانەکانی تورکی، عەرەبی، ئینگلیزی و عیبری بزانن و 24 کاتژمێر کار بکەن.
باراک هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرایل بۆ سەر فڕۆکەخانەی زهور بە جدی و نیگەرانکەر ناو دەبات و دەڵێت، نەبوونی زیانی گیانی و ئاڵۆزنەبوونی دۆخەکە، مایەی دڵخۆشییە.
باراک باسی لە گفتوگۆ نهێنییەکان بۆ دووبارە چالاککردنەوەی یەکەی ڕێگریکردن لە پێکدادانی نێوان ئیسرائیل و سووریا کرد و گوتی، دەکرێت تورکیا بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بانگهێشتی یەکەکە بکرێت.
باڵیۆزی لە ئەمریکا لە ئەنقەرە ڕەتیدەکاتەوە، ڕاداری سووریا مەترسی بێت بۆ سەر ئیسرائیل و گوتی، ڕادارێکی سڤیلی کارا بۆ سووریا گرنگە و نابێتە مەترسی بۆ سەر هیچ وڵاتێک.
ئەمریکا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا بە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەزانێت
