نیو ملیۆن گەشتیار و ملیارێک و 800 ملیۆن دینار داهات؛ 12یەمین فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە کۆتایی هات

پووختەی هەواڵەکە

  • 502 هەزار گەشتیار سەردانى 12ـەیەمین فێستیڤاڵى هەنارى هەڵەبجەیان کردووە.

  • لیژنەى فێستیڤاڵى هەڵەبجە دەڵێت، دەرفەتى کار بۆ 1800 کەس ڕەخسێنراوە.

  • لیژنەى فێستیڤاڵى هەڵەبجە ڕاشیگەیاند، بە بەهاى ملیارێک و 820 ملیۆن دینار کاڵا فرۆشراوە.


دوازدەیەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی هەنار و پایزی هەڵەبجە، دوای چوار ڕۆژ لە بەڕێوەچوونی چالاکییە جۆراوجۆرەکانی، بە تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی لە ڕووی سەردانیکەران و قەبارەی فرۆشەوە کۆتایی بە کارەکانی هێنا. لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکەش ئامارە کۆتاییەکانی ڕایگەیاند کە بازاڕێکی گەورەی بۆ جووتیاران و خاوەن کارەکان ڕەخساندووە.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی لیژنەی سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە:

  • لە ماوەی ئەو چوار ڕۆژەدا 502 هەزار گەشتیار و هاووڵاتی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانەوە سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە .

  • گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان، ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و دەرەوەی وڵاتەوە هاتبوون.

  • ئەمەش بەرزترین ڕێژەی سەردانیکردنە لە مێژووی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا.

لە ڕووی ئابووری و دابینکردنی بژێوییەوە:

  • لە ڕێگەی ئەم چالاکییەوە دەرفەتی کاری کاتی بۆ 1800 کەس لە گەنجان، ژنانی ماڵەوە و خاوەن بەرهەمەکان ڕەخسێنراوە.

  • هاوکات قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کڕین و فرۆشتن لە نێو فێستیڤاڵەکەدا گەیشتووەتە ملیارێک و 820 ملیۆن دینار، کە ئەمەش پاڵپشتییەکی دارایی گەورەیە بۆ کەرتی کشتوکاڵ و پیشە دەستییەکانی پارێزگاکە.

بەرپرسانی خۆجێی و ئەمنی پارێزگای هەڵەبجە سەرکەوتنی پلانی ڕێکخستنی فێستیڤاڵەکەیان ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوە کرد، سەرەڕای ئامادەبوونی ئەو ژمارە پێوانەیی و زۆرەی گەشتیاران، لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا هیچ ڕووداوێکی نەخوازراوی ئەمنی یان تەندروستی تۆمار نەکراوە و هاتوچۆی هاووڵاتیان بە شێوازێکی زۆر ڕێکخراو بەڕێوەچووە.

فێستیڤاڵى هەنار و پایزی هەڵەبجە، یەکێکە لە گرنگترین و گەورەترین فێستیڤاڵە کشتوکاڵی و کولتوورییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، کە ساڵانە لە وەرزی پایزدا (زۆربەی کات لە مانگی تشرینی یەکەم یان تشرینی دووەم) هاوکات لەگەڵ وەرزی لێکردنەوەی هەنار بەڕێوەدەچێت.

ئەم فێستیڤاڵە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2014 بە دەستپێشخەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە و بە هاوکاری چەند ڕێکخراوێک دەستیپێکرد. ئامانجی سەرەکی فێستیڤاڵەکە بریتییە لە:

  • ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی: بە تایبەت هەناری هەڵەبجە و شارەزوور کە بە ناوبانگترین و کوالێتی بەرزترین جۆری هەنار دادەنرێت لەسەر ئاستی ناوچەکە.

  • ڕاکێشانی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە و ناساندنی سروشت و شوێنە گەشتیارییەکانی.

  • ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ژنان تا بەرهەمە دەستییەکان، خواردنە ڕەسەنە کوردییەکان و بەرهەمە سرووشتییەکانی وەک (دۆشاوی هەنار، هەنگوین، گێزوو، و تەماتەی وشککراو) نمایش بکەن.

ساڵ بە ساڵ فێستیڤاڵەکە پەرەسەندنی گەورەی بەخۆوە بینیوە؛ لە فێستیڤاڵی یەکەمدا ژمارەی بەشداربووان و سەردانیکەران سنووردار بوو، بەڵام لەم خولەی دواییدا (خولی ١٢یەم) گۆڕاوە بۆ کەرنەڤاڵێکی نیشتمانی گەورە کە ڕۆڵێکی ئابووری دیاری لە پارێزگای هەڵەبجەدا هەیە .

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

ڕووبەرى باخە هەنارەکانى هەڵەبجە گەیشتووەتە 10 هەزار و 600 دۆنم

Loading related news...