
لە نوێترین هێرشی درۆنیدا لە دەریای ڕەش بۆ سەر کەشتییەک لە سنووری ڕۆمانیا، دەریاوانێک گیانی لەدەستدا .
لە هێرشەکەدا سێ دەریاوانی دیکە بێ سەروشوێن بوون.
سەرۆکی ڕۆمانیاش ڕایگەیاند، ڕووسیا بە بەرپرسیار لە هێرشەکە دەزانێت.
نیکوشۆ دان، سەرۆکی ڕۆمانیا لە پۆستێکی فەیسبووکدا نووسیویەتى، کەشتیی خۆریڤ، کە ئاڵای دوورگەکانی قەمەری بەرزکردبووەوە، "لەلایەن درۆنێکەوە کرایە ئامانج و لە نزیک ئاوە ناوخۆییەکانی ڕۆمانیا نوقم بوو".
هێرشەکە بە ڕوونی بەشێکە لەو پەرەسەندنەی کە ڕووسیا لە چوارچێوەی جەنگی ئۆکرانیادا ئەنجامی دەدات.
بۆیە ڕووسیا بە بەرپرسیار دەزانین لە هێرشەکە .
دوای ئەوەی کەشتیی خۆریڤ، نزیکەی کاتژمێر 10ـی بەیانی سیگناڵی فریاکەوتنی نارد، کە13 میلی دەریایی لە بەندەری کۆنستانتای ڕۆمانیاوە دوور بوو، وڵاتەکە ئۆپراسیۆنێکی ڕزگارکردنی بۆ کەشتییەکە و سەرنشینەکانى دەستپێکرد.
وەزارەتی ناوخۆی ڕۆمانیا چی دەڵێت؟
لەکۆی ئەو 13 کەسەی لەسەر کەشتییەکە بوون، کە 10ـیان ئۆکرانی و 13ـیان ئازەربایجانی بوون،10 کەسیان لەلایەن کەشتییەکی دیکەی بازرگانییەوە ڕزگار کراون.
نۆیان زیندوون و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە، سێ کەسی دیکەش هێشتا بێسەروشوێنن.
کەشتییەکە زیانی گەورەی بەرکەوتووە و وەرگەڕاوە.
هاوکات لوکا نیکۆلێسکو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کە هەفتەی ڕابردوو سوێندی یاسایی خوارد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاند، "هێرشەکە قبوڵنەکراوە و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە".
هەروەها ئۆرسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، هێرشەکەی بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی ناوبرد و ڕایگەیاند:"زۆر نیگەرانم بەهۆی پەرەسەندنێکی دیکەی ڕووسیا لە دەریای ڕەش".
هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە مەدەنییەکان لە ئاوەکانی وڵاتانی بولگاریا و ڕۆمانیا کە ئەندامی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپان، بووەتە هۆی بێسەروشوێن بوون و گیانلەدەستدانی دەیان دەریاوان.
لە ڕۆژی پێنجشەممە، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی نیشتمانیی ڕۆمانیا، سەرۆکایەتی ڕۆمانیا ڕایگەیاند، پەرەپێدان بە تواناکانی چاودێریی دەریایی و ڕێکارەکانی دژە درۆن کە بە بێ مۆڵەت دەچنە ناو ئاسمان و ئاوەکانی سنووری وڵاتەکە خێراتر دەکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕۆمانیا دوو درۆنی ڕووسیایان لەسەر دەریای ڕەش خستە خوارەوە.
هاوکات ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، ناتۆ ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای ڕەشدا، فڕۆکە و درۆن و سیستمی ڕاداری زیاتر بۆ ئەو ناوچەیە دەنێرێت.



