
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند ، لە وەڵامی هێرشەکەی خەلیلدا هەموو دانیشتوانی ناوچەکە دەردەکەین و شوێنەکانیان دەرووخێنین.
هێرشەکە لەلایەن دوو فەڵەستینییەوە ئەنجامدرا و بووە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئیسرائیل و بریندرابوونی سێ سەربازی دیکە.
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل بە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دژە تیرۆر، وەڵامی ئەو هێرشە دەداتەوە کە لە شاری خەلیل لە کەناری ڕۆژئاوا، لەلایەن دوو هێرشبەری فەڵەستینییەوە ئەنجامدرا و بووە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئیسرائیل و بریندرابوونی سێ سەربازی دیکە، لەکاتێکدا دوو هێرشبەرە فەڵەستینییەکەش کوژران.
دانیشتووانی ناوچەکە دەردەکەین و ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن.
هەموو ژێرخانە تیرۆرستییەکان لە ناوچەکەدا دەڕوخێنن.
کارێک دەکەین لە ڕووی سەربازییەوە تاوەکو ئێستا نەکراوە.
ئەو مۆدێلە سەرکەوتوو و چالاکەی لە کەمپەکانی ئاوارەکانی دیکە ئەنجاممان دا، جێبەجێ دەکەین.
کەمپە کان کە لە بنەڕەتدا مۆڵگەی تێرۆرن، ئەمە ڕێک ئەوەیە کە لێرەش دەیکەین، لە ناو گەڕەکێکی خەلیل کە تێرۆریستەکانی لێوە هاتبوون.
چەکەکان لادەبەین و تەواوی ژێرخانی تیرۆریش چارەسەر دەکرێت و دەڕوخێندرێت.
لە هەمان کاتدا، گەمارۆ دەخەینە سەر شاری خەلیل و حەلحول.
ڕووداوەکە چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنە گشتییەکانی 27ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دێت، نەتانیاهوو فەرمانی بە پارتی لیکۆدی خۆی کردووە هەموو چالاکییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان کە بۆ ئەمڕۆ پلانیان بۆ دانرابوو، هەڵبوەشێننەوە.
لە بارەى دوو هێرشەبەرەکە، بەگوتەی بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل، ناویان محەمەد جەعەبە و فیراس جەعەبەیە کە هەردووکیان دانیشتووی شاری خەلیلن و تەمەنیان 27 ساڵە، هەروەها سەر بە یەک خێزانن هەرچەندە تاوەکو ئێستا پەیوەندییەکەیان ئاشکرا نەبووە.



