پەروەردەی سلێمانی بڕیارێکی لەبارەى کۆکردنەوەی پارە لە خوێندکاران دەرکرد

پووختەى هەواڵ

  • پەروەردەی سلێمانی هۆشدارى لە گرتنەبەرى ڕێکار دەکات لەبەرامبەر وەرگرتنى پارە لە خوێندکاران.

  • پەروەردە بڕیاریداوە داهاتى فرۆشگەکان بۆ خەرجیی خوێندنگەکان بێت.

  • پەروەردە لەو بڕوایەدایە پارەى فرۆشگە بەشى پێداویستى خوێندنگە دەکات و کۆکردنەوەى کۆمەک پێویست نییە.


بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە نووسراوێکی فەرمی، کۆکردنەوەی پارە لە قوتابیان و خوێندکاران لەژێر هەر ناونیشان و پاساوێکدا قەدەغە دەکات و هۆشداریش دەدات لە گرتنەبەری ڕێکاری توند بەرامبەر سەرپێچیکاران.


نووسراوى پەروەردەى سلێمانى:

  • لە بەشی خزمەتگوزاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانییەوە، (17ـی تشرینی دووەمی 2026) نووسراوێک دەرچووە.

  • ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی (ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، شارباژێڕ، پێنجوێن، سەیدسادق، شارەزوور، قەرەداغ، چەمچەماڵ، دوکان و دەربەندیخان) کراوە.

  • تێبینی کراوە لە بەشێک لە ناوەندەکانی خوێندن، بە ناوی ئەنجوومەنی دایکان و باوکانەوە زیادەڕۆیی دەکرێت لە کۆکردنەوە و دیاریکردنی بڕی پارە وەک کۆمەک بۆ پاڵپشتیی قوتابخانە و خوێندنگەکان.

لە نووسراوەکەدا کە واژۆی نەژاد عەبدوڵڵا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە وەکالەت لەسەرە، هاتووە: "بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) پارەی فرۆشگە (حانووت) بۆ خودی قوتابخانە و خوێندنگەکانە، بۆیە ڕێپێدراو نییە لەژێر هیچ ناونیشانێک یان هەر پاساوێک بۆ هەر مەبەستێک پارە لە قوتابیان و خوێندکاران کۆبکرێتەوە، یان ناچار بکرێن بڕێک پارە بدەن لە ڕێگەی دایک و باوکیانەوە".

پەروەردەی سلێمانی دەشڵێت "هەر ناوەندێکی خوێندن پابەندی ئەم بڕیارە نەبێت، بە پێچەوانەوە بەرپرسیارێتیی توندی لەسەر دەبێت".

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

وەزیرى پەروەردە: نابێت ژمارەى مامۆستا لە لاى هەموو کەسێک هەبێت

Loading related news...