زانیاریى نوێ لەبارەى مووچەى مانگى 11

هاونیشتمانیان لە کاتی وەرگرتنی مووچە لە ئامێرەکانی ئەی تی ئێم
هاونیشتمانیان لە کاتی وەرگرتنی مووچە لە ئامێرەکانی ئەی تی ئێم

پووختەى هەواڵ

  • لیستی مووچەی مانگی 11 بە سیستمی پەیڕۆڵ تەواو کراوە.

  • سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی مووچە ڕەوانەی بەغداد دەکرێت.

  • حساباتى مووچە تاوەکو ڕادەیەک ڕێکبووەتەوە و دواکەوتن نەماوە.


یادگار جەبار، سەرپەرشتیارى بایۆمەترى سلێمانى، بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، ئامادەکردنى مووچەى مانگى 11 بە سیستمى پەیڕۆڵ تەواو کراوە و لەلایەن گەنجینەکانەوە وردبینى بۆ کراوە و ڕەوانەى وەزارەتى دارایی دەکرێت.


ئامادەکردنى لیست

  • لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەزار و 189 یەکەی ژمێریارییەوە ئامادەدەکرێت.

  • لیستی شەهیدان و خاوەن پێداویستیی تایبەت جیاکراونەتەوە.

  • وەزارەتی دارایی لیستە پەسەندکراوەکان بە ئەلیکترۆنی بۆ بەغداد دەنێرێت پاش ئەوەى وردبینیەکانى تەواو دەکات.

تەواوکردنى ئامادەکردنى لیستی مووچەى مانگی 11 لە کاتێکدایە، کە پاش ئەوەى بریار لە ناردنى دەدرێت شاندێکى تەکنیکى و دارایی دەچێتە بەغداد بۆ وردبینی لە لیستەکە.

مانگی ڕابردوو لیستی مووچە لە 21ـی مانگ ڕەوانەی بەغداد کرا، بۆ ئەم مانگەش چاوەڕواندەکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە ڕۆژی یەکشەممە 22ـی مانگ ڕەوانە بکرێت.

ڕێکارەکان لە بەغداد

  • وەزارەتی دارایی عێراق دوای وەرگرتنی فایلە ئەلیکترۆنییەکان، وردبینی لە ناوەکان و بڕی پارەکە بەراورد بە مانگەکانی پێشوو دەکات.

  • پاشان پارەدارکردنەکە دەخاتە دوای دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی عێراق.

وەزارەتى دارایی عێراق بۆ مووچەى مانگى 10، بڕى 834 ملیارو 920 ملیۆن دینارى ڕەوانەى هەرێمى کوردستان کرد، پاش ئەوەى 120 ملیار دینارى وەک داهاتى نانەوتیی فیدڕاڵى لە کۆى پارەى مووچە بڕیوە، وەزارەتى دارایش 8ـى ئەم مانگە مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینانى لە ماوەى چوار ڕۆژدا دابەش کرد.

Loading related news...