
سبەی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
لە هەولێر و دهۆک پلەکانی گەرما دادەبەزن و ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ هەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی بڵاویکردووەتەوە، سبەی لە ئەنجامی کاریگەری کەشێکی ناجێگیر بۆ سەر ناوچەکەمان بە تایبەت بۆ سەر سنووری پارێزگای دهۆک و پاشان پارێزگای هەولێر، لە کاتەکانی بەیانی باران بارین لەسەر سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و ناوچە جیاجیاکانی باران بارین بە شێوەی نمەباران و هەندێ کات بارانی مامناوەند دەبارێت پاشان کاریگەریەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و ناوچە جیاجیاکانی.
پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکووک بۆ سبەی کەشیان نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت.
پێشبینی نمەباران تەنها لەسەر ناوچەی جیاجیا بە شێوەی پڕوشەباران هەیە لە هەندێ کات لە شەودا کاریگەری ئەم کەشە ناجێگیرە کۆتایی دێت.
سەبارەت بە پلەکانی گەرما، لە هەولێر و دهۆک پلەکانی گەرما دوو پلە داببەزن بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە وەک خۆیان دەمێننەوە.
بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ پێشبینی دروستبوونی لافاو ناکرێت، چونکە بڕی بارانەکە زۆر نییە.
هاوکات دەستەى کەشناسیی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، پێشبینى دەکرێت ڕۆژى چوارشەممە ئاسمان هەور و نیمچەهەور بێت و لە هەرێمى کوردستانیش باران ببارێت و لە ناوچەکانى ناوەڕاستى عێراق ئاسمان ساماڵ و هەندێک جار پەڵەهەور بێت و پلەکانى گەرماش لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان بەراورد بە ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوور کەمێک داببەزێت.
