نەوەکانی ئەفسەرێکی بەعس داواى خانووى 400 خێزانى پەنجا عەلى دەکەن

نەوەکانی ئەفسەرێکی بەعس داواى خانووى 400 خێزانى پەنجا عەلى دەکەن

00:00/00:00

پووختەى ڕاپۆرت

  • کێشەکانى خاوەندارێتى ماڵ و موڵک لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان بەردەوامە.

  • لە تازەترین کێشەدا نەوەکانى ئەفسەرێکى بەعس داواى زەوییەک دەکات کە 400 خێزانى لەسەر دەژین.

  • داوا لە خێزانەکان کراوە یان خانووەکان چۆڵ بکەن یان قەرەبوو بدەن.


نزیکەی 400 خێزان لە گەڕەکی پەنجا عەلی شاری کەرکووک، بەهۆی سکاڵایەکەوە مەترسیی لەدەستدانی شوێنی نیشتەجێبوونیان لەسەرە و بۆ داخستنی دۆسیەکە داوای 10 ملیۆن دینار قەرەبوو لە هەر خێزانێک دەکرێت.


تەعریب و زەوییەکە

  • خانووی ئەو هاونیشتمانییانە لەسەر ڕووبەری 27 دۆنم زەوی دروستکراون.

  • لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و لە چوارچێوەی پڕۆسەی تەعریبدا، زەوییەکە کراوە بە ناوی ئەفسەرێکەوە کە خەڵکی سنووری پارێزگای نەینەوایە.

  • هەرچەندە ئەو ئەفسەرە لە ژیاندا نەماوە، بەڵام ئێستا نەوەکانی سکاڵایان تۆمار کردووە و داوای زەوییەکە دەکەنەوە.

لەبارەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، ڕێبوار تەها جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک ئاشکرای دەکات لەگەڵ سەرۆکایەتیی دادگای کەرکووک لە هەماهەنگیدان تاوەکو بە ڕێگەی یاسایی گرفتەکە چارەسەر بکرێت.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، دۆسییەکە تاوەکو ئێستا لە دادگای کەرکووکە و دوو بژاردەش خراوەتە بەردەم دانیشتووانی گەڕەکەکە؛ یان چۆڵکردنی خانووەکانیان، یاخود هەر خێزانێک بڕی 10 ملیۆن دینار وەکو قەرەبوو بدات بە لایەنی سکاڵاکار لە بەرامبەر داخستنی دۆسییەکەدا.

کەناڵ8

Tue Nov 17 2026

Loading related news...