نەخۆشیی هاری و سەگی بێلانە

گران جاف
ژمارەی سەگی بێلانە زیادیکردووە
ژمارەی سەگی بێلانە زیادیکردووە

یەکێک لەو گرفتە گەورانەی بەرۆکی هاونیشتمانییان بەرنادات، زیادبوونی سەگە بێلانەکانە، ئەم سەگانە کوتانیان بۆ نەکراوە و ئەگەریان هەیە نەخۆشیی هارییان هەبێت، هەربۆیە کاتێک کەسێک سەگی بێلانە گازی لێدەگرێت، لەوانەیە بەهۆیەوە گیانلەدەستبدات، هۆکاری سەرەکیی ئەم گیانلەدەستدانەش نەخۆشیی هارییە.

نەخۆشیی هاری چییە؟

نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لەڕێگەی لیکی ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە، وەکو سەگ، پشیلە و گورگ. لە هەرێمی کوردستان سەرچاوەی سەرەکیی نەخۆشییەکە سەگە بێلانەکانن، بە جۆرێک ڕۆژانە 10-30 کەس لەلایەن سەگەوە پەلامار دەدرێن و مەترسیی تووشبوونیان بەم نەخۆشییە بۆ دروستدەبێت.

ئەم ڤایرۆسە کە دەچێتە جەستەی مرۆڤەوە، لەڕێگەی دەمارەوە بەرەو مێشک دەڕوات و مێشک تێکدەدات، دەکرێت نیشانەکان لە چەند ڕۆژێک پاش گەستنەکە بۆ ساڵێک دەربکەون، واتە مەرج نییە دەستبەجێ نیشانە دروست بکات، ئەگەر کەسێکی تووشبوو نیشانەی تێدا دەربکەوێت، ئەوا نەخۆشییەکە دەیکوژێت.

ئەگەر بێت و گازەکە لە بەشی سەرەوەی جەستە بێت، واتە لە سەر، مل و دەست بێت، یان قوڵ بێت و یان لیکێکی زۆر بچێتە جەستەی کەسەکەوە، نیشانەکانی نەخۆشییەکە زووتر دەردەکەون.

نیشانەکانی هاری

ئەم نەخۆشییە ئەو نیشانانە دروستدەکات کە پەیوەستن بە کۆئەندامی مێشک و دەمارەوە، وەکو تێکچوونی هۆشداری، هەلوەسەکردن، دروستبوونی فۆبیا لە ئاو، کۆما و مردن.

سێ سەگی بێلانە پەلاماری شوانێکی 15 ساڵیان دا

بە گوێرەی گوتەکانی، د. لانە ئاراز، پزیشکی فریاکەوتن، دوێنێ 19ـی1ـی2026، شوانێکی 15 ساڵ لەگوندی زەنگی سەری سەر بە قەزای سەیدسادق، لەلایەن سێ سەگی بێلانەوە پەلاماردراوە، لەگەڵ ئەوەی دەستبەجێ مێردمنداڵەکەیان گەیاندە نەخۆشخانە، ڤاکسینی هارییەکە دواکەوت چونکە لەو کاتەدا بەردەست نەبوو.

ئێستا تەندروستیی چارەخوازەکە ناجێگیرە و لەژێر چاودێریی چڕدایە، هاوکات هەر لە ماوەی چەند ڕۆژی پێشوودا خانمێکی بەتەمەن بەهۆی پەلاماردانی سەگی بێلانەوە تووشی نەخۆشیی هاری بووە و گیانیلەدەستداوە.

ئەگەر کەسێک سەگ گازی لێگرت چی بکات؟

گرنگە بزانرێت لەگەڵ هەموو گەستنێکی سەگدا، بەتایبەتیش سەگی بێلانە، پێویستە دەستبەجێ جێگەی گازەکە بە سابوون و ئاو بە پاکی بشۆررێت و کەسەکە سەردانی نەخۆشخانە بکات.

لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان پێدانی ژەمەکانی ڤاکسینەکە بەم جۆرەیە، لە ڕۆژی گەستنەکەدا دوو ژەمی ڤاکسینەکە دەکرێت، پاش هەفتەیەک ژەمێکی دیکە دەکرێت و پاش 28 ڕۆژ لە ڕۆژی گەستنەکە، سێیەم ژەمی ڤاکسینەکە دەکرێت، بەم شێوازە چارەخوازەکە پارێزراو دەبێت.

سەرەڕای گوتەکانی د. لانە ئاراز، کە ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لەلایەن سەگی بێلانەوە پەلاماردەدرێن، زۆرجار ڤاکسینی هاری لە نەخۆشخانەکاندا نامێنێت، ئەمەش گرفتێکی گەورەیە، چونکە ئەگەر کەسێک لەلایەن سەگەوە بگەسترێت(ئەگەر سەگەکە تووشبووی هاری بێت، لەبەر ئەوەی نازانرێت کە ئایا سەگەکە تووشبوو بووە یان نا، پێویستە هەموو سەگێکی بێلانە وەکو تووشبوو هەژماربکرێت) و لە ماوەی 24 کاتژمێردا دەرزییەکەی بۆ نەکرێت، ئەوا بەهۆی نەخۆشیی هارییەوە بە ئەگەری زۆرەوە گیانلەدەستدەدات.

گران جاف

Tue Jan 20 2026

Loading related news...