
وەزارەتی بازرگانیی عێراق، فەرمانى بۆ داخستنى بەشێک لە بریکارەکانی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە دەرکردووە.
ڕێنمایی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە پارێزگاکان دراوە.
لە شارى سلێمانى ڕێکارەکان بۆ داخستنى ئەو بریکارانەى خێزانى کەمیان لایە دەستیپێکردووە.
لەوبارەیەوە کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی پارێزگای سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بە نووسراوێک ئاگادارکراوینەتەوە لە داخستنی ئەو بریکارانەی خۆراک کە کەمتر لە 40 خێزانیان لەلا بێت.
هەر بریکارێک ژمارەیەکی کەم خێزانی لەلا بێت دەگوازرێتەوە بۆ بریکارەکانی نزیک لە خۆی.
هاونیشتمانى سەرپشکە لەوەی فۆرمەکەی دەگوازێتەوە بۆ هەر شوێنێک.
ئەو بریکارەی دادەخرێت بە هەمان شێوەی پێشوو بەشەخۆراک دابەشدەکات، بەڵام ناو و فۆرم و زانیارییەکان دەگوازرێتەوە بۆ بریکارێکی نزیک لە خۆی.
سەبارەت بە هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی خێزانەکان لای بەشێک لە بریکارەکان بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، هۆکارەکەی ئەوەیە یان بەشێک لە بریکارەکان مامەڵەیان لەگەڵ هاوڵاتییان وەکو پێویست نییە بۆیە خەڵک بەشەخۆراکەکەی دەگوازێتەوە، یان بەهۆی دووریی شوێنی نیشتەجێبوونەوە دەیگوازنەوە.
بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکان، لە هەرێمی کوردستان شەش هەزار و 438 بریکار هەن، کە بەشەخۆراکی مانگانە بەسەر نزیکەی سێ ملیۆن و 556 هەزار و 206 خێزاندا دابەش دەکەن.

