کەناڵ8 ڕەشنووسى ماددەى 10ـى پرۆژەیاساى بودجە تایبەت بە هەرێمى کوردستان بڵاودەکاتەوە

رێبوار حەمەوەیس1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە:

  • ڕەشنووسى پرۆژەیاساى بودجە کە نێردراوەتەوە بۆ وەزارەتى دارایى چەندین کۆتوبەندى بۆ هەرێمى کوردستان تێدایە.

  • شاندى هەرێمى کوردستان داواى 14.14%ـى بودجەى کردووە لە کاتێکدا بەغداد 12.70%ـى دیاریکردووە.

  • چەندین پابەندى خراونەتە ئەستۆى هەرێمى کوردستان و بۆى نییە بەبێ پرسى بەغداد گرێبەستى نەوتى و غازى بکات.


بەگوێرەى ئەو ڕەشنووسەى دەست کەناڵ8 کەوتووە، کۆى خەرجییە گشتییەکان لە پرۆژەیاساى بودجەدا بە 217 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە، کۆى داهاتیش بریتییە لە 174 تریلیۆن دینار، کورتهێنانى پلاندانراو: 43 تریلیۆن دینارە.


خەرجییە گشتییەکان:

  • 217 تریلیۆن دینار

  • داهات:

  • 174 تریلیۆن دینار

  • کورتهێنانى پلاندانراو:

  • 43 تریلیۆن دینار

کۆى پرۆژەیاساکە بریتییە لە 31 ماددە، ماددەى 10 لە ڕەشنووسى پرۆژەیاساى بودجەى 2027 تایبەتە بە هەرێمى کوردستان.

ماددەى 10

دیاریکردنى پشکى هەرێمى کوردستان بە 12.7% لە کۆى خەرجی ڕاستەقینە (حاکیمە، خەرجیی بەکاربردن، خەرجى پرۆژەکانى وەبەرهێنان).

دواى دوورخستنەوەى خەرجیی سەروەرى، پاکتاوى شایستەى دارایی لە نێوان حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێمى کوردستان لە 2004 تاوەکو 2026 .

بڕەکەى 12 تریلیۆن و 775 ملیار دینارە لە ماوەى سێ ساڵدا.

سێیەم:

بڕگەى ئەلف: حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەندە بە بازاڕکردنى لانى کەمى 400 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى نەوت و لە ڕێگەى کۆمپانیاى سۆمۆ بۆ بەندەرى جەیهانى تورکى، بەگوێرەى داتاى مانگانەى پێشکەشکراو لەلایەن وەزارەتى سامانە سروشتییەکان و پەسەندکردنى لەلایەن وەزارەتى نەوتى فیدراڵ و دیوانى چاودێریی دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگى لەگەڵ دیوانى چاودێریی دارایی هەرێمى کوردستان.

بڕگەى ب: لە حاڵەتى پەککەوتنى هەناردەکردن لە ڕێگەى بەندەرى جەیهان و هەر دەروازەیەکى دیکەى فەرمى، حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەند دەبێت بە ڕادەستکردنى بڕە نەوتى ئاماژە پێکراو بە وەزارەتى نەوت.

بڕگەى ج: حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەند دەبێت بە ڕادەستکردنى داهاتى نانەوتى بە خەزێنەى دەوڵەت بەگوێرەى یاساى کارگێڕى دارایی فیدراڵى ژمارە شەشى ساڵى 2019ـى هەموارکراو، کە دیوانى چاودێریی دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگى لەگەڵ دیوانى چاودێریی دارایی هەرێمى کوردستان وردبینى بۆ داتاکانى داهاتەکە دەکەن.

بڕگەى د: پاکتاوکردنى ئەوەى دەکەوێتە سەر هەرێمى کوردستان لە ڕەسیدى بانکى بازرگانیی عێراقى لە لای بانکە حکومى و تایبەتەکان، وەزارەتى دارایی فیدراڵ خشتەیەکى بۆ قیستى مانگانەکان دادەنێت و لە پشکى هەرێمى کوردستان دەشکێنرێت، لە ساڵى دارایی 2027 دەستپێدەکات و لە ماوەى سێ ساڵدا دەدرێتەوە.

بڕگەى هـ:

هەرێمى کوردستان پابەند دەبێت بە ڕادەستکردنى غازى بەرهەمهێنراوى زیاد لە پێویست بە حکومەتى فیدراڵ، لە حاڵەتى ڕادەستنەکردنى بەهێندەى بەهاکەى لە شایستەى پشکى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت.

بڕگەى و:

حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەند دەبێت بە گرێبەستنەکردن لەگەڵ کۆمپانیا بیانى و ناوخۆییەکان لە پەیوەست بە نەوت و غاز بۆ وەبەرهێنان و بەگەڕخستن و تەنیا لە ڕێگەى وەزارەتى نەوتى فیدراڵییەوە دەبێت.

بڕگەى ز کە تایبەتە بە مووچە:

  • وەزارەتى دارایی فیدراڵ پابەند دەبێت بە تەموویلى شایستەکانى هەرێمى کوردستان.

  • دواى ئەوەى هەرێمى کوردستان بڕگەکانى (ئەلف، ب، ج، ه، و) جێبەجێدەکات.

  • لە ڕێگەى ناردنى تەرازووى پێداچوونەوەى مانگانە لەلایەن وەزارەتى دارایی بۆ فەرمانگەى ژمێریارى، تاوەکو بخرێتە ژمێرەى مانگانەى دەوڵەت.

  • ئەوەش بۆ پاکتاوى ژمێریاری تایبەت بە ماف و پابەندى دوولایەنە لە نەوتى و نانەوتى.

دووەم:

ئەم بەندە بە مەرج بۆ بەردەوامیدان بە تەمویل دادەنرێت.

لە بەشێکى ماددەى 11دا ئاماژە بە هەرێمى کوردستان کراوە

بڕگەى دووەم: پێویستە لەسەر وەزارەتەکان و لایەنە گرێنەدراوەکان بە وەزارەتەکان و پارێزگاکان و هەرێمى کوردستان هەموو دامەزراندنێک لە چوارچێوەى پێکهاتەکانیان ڕابگرن، لەناویاندا بەڕێوەبەرایەتییەکانى پارەدارکراو لەناوەندەوە.

قەرزە بەردەوامەکان:

  • کۆى قەرزە بەردەوامەکانى عێراق 7.7 تریلیۆن دینارە.

  • لە یەکێک لە بڕگەکانى قەرزە بەردەوامەکان و لە (بودجەى بڕگە) ئاماژە بەو ئاژانس و بانکانە کراوە کە ئەو قەرزانەى لە بودجەى پێشوو دایاونە بە عێراق.

  • لەوانەش ئاژانسى جایکاى ژاپۆنى بۆ پارەدارکردنى پرۆژەکانى وەزارەتەکان و هەرێمى کوردستان بە بڕى 360 ملیۆن 840 هەزار دۆلار بۆ پڕۆژەکانى وەزارەتەکانى (ئاوەدانکردنەوە، سەرچاوەکانى ئاو، نەوت، تەندروستى، گواستنەوە و پڕۆژەکانى ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمى کوردستان).

  • لە کۆى ئەو پارەیەشى دیاریکراوە تەنیا 58 ملیۆن و 240 ملیۆن دۆلارى بۆ پڕۆژەکانى هەرێمى کوردستان دانراوە.

قەرزە نوێکان:

  • کۆى قەرزى نوێ 8.4 تریلیۆن دینارە.

  • لە بڕگەى قەرزە نوێکان ئاماژە بە هەرێمى کوردستان کراوە.

بەجۆرێک لە کۆى 700 ملیۆن دۆلارى قەرز لە ئاژانسى ژاپۆنى بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتى ( جایکا) ئاماژە بە هەرێمى کوردستان کراوە کە بریتییە لە 350 ملیۆن دۆلار بۆ قۆناغى دووەمى ئاوەڕۆ و یەک ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتى تەندروستیی هەرێمى کوردستان.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

وەزارەتى دارایی ڕاسپێردراوە هەموارى ڕەشنووسى پرۆژەى بودجەى2027 بکاتەوە

Loading related news...