
هەڵمەتەکانى بەرێوەبەرایەتیى پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی دژى ڕاوچییەکان بەردەوامە.
هاونیشتمانییەک لە پیرەمەگرون هەڵۆیەکى گرتبوو.
لە هەرێمى کوردستان بە یاسا چەندین کۆتوبەند بۆ ڕاوکردنى ئاژەڵ و باڵندە دانراون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕاگەیاند، بە تۆمەتی گرتنی باڵندەیەکی کێوی هاونیشتمانییەک لە شارۆچکەى پیرەمەگروون دەستگیرکرا و دەستیشبەسەر هەڵۆکەدا گیرا.
زانیاریمان لەسەر هاونیشتمانییەک وەرگرت گوایە باڵندەیەکی کێوی لە جۆری (هەڵۆ)ـی گرتووە و لە ماڵەوە ڕاگرتووە.
پاش وەرگرتنی فەرمانی دادوەر دەستبەجێ مەفرەزەیەك لە کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پیرەمەگروون دەرچوون بەرەو ماڵی هاونیشتمانییەکە.
دەستیانگرت بەسەر باڵندە کێویبەکەدا، هاوکات هاونیشتمانییەکەش بە تۆمەتی ڕاوکردن و گرتنی باڵندەی کێوی دەستگیر کرا .
دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بەگوێرەى یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2010 و ڕێنماییە فەرمییەکانی وەک (ڕێنمایی ڕێکخستنی ڕاوکردن ژمارە یەکی ساڵی2023)، ژمارەیەک مەرج و ڕێنمایى توندی بۆ ڕاوکردنى باڵندە و ئاژەڵ داناوە.


