عەلی زەیدی لەنێوان گۆڕانکاریی پۆستە باڵاکان و فشاری گرووپە چەکدارەکاندا

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

پووختەی هەواڵەکە

  • عەلى زەیدى بەردەوامە لە گۆڕانکاریی پۆستە باڵاکان.

  • هێزە سیاسییەکان ململانێ لەسەر پۆستى سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى دەکەن.

  • عەلى زەیدى لە مانگى تەمموزەوە چەندین بەرپرسى باڵاى ئەمنى لابردووە.


عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەگەڵ هەوڵەکانى بۆ کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت، بەردەوامە لە گۆڕانکاریی لە پۆستە باڵاکان و دوورخستنەوەى پۆستە هەستیارەکان لە دەستى حیزب.


هەنگاوەکانی زەیدی

  • زەیدى، ڕۆژى دووشەممەى ڕابردوو، حەمید شەترى لە سەرۆکایەتیی دەزگاى هەواڵگریی نیشتمانی، دوورخستەوە و خۆى شوێنى گرتەوە.

  • دەزگاى هەواڵگرى بە یەکێک لە گرنگترین و هەستیارترین پۆستەکان دادەنرێت کە ڕکابەرییەکى سیاسى توندى لەسەرە.

  • بەگوێرەى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، جگە لە هێزە سیاسییەکان، گرووپە چەکدارەکانیش هەوڵى بەدەستهێنانى پۆستەکە دەدەن لەبەرامبەر نەرمى نواندن لەبارەى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت.

  • زەیدى دواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى، دەیەوێت چەند پێوەرێکى نوێ بۆ دیاریکردنى سەرۆکى نوێى دەزگاکە پەیڕەو بکات، لەوانەش؛ بەربژێر سەر بەهیچ حیزبێک نەبێت و نزیک نەبێت لە هیچ گرووپێکەوە، بەڵکو کەسێکى شارەزا بێت.

  • زەیدى دەیەوێت کەسێک لەناو خودى دەزگاکە بەربژێر بکات، چەند ناوێکیش خراونەتەڕوو، بەڵام فشارى هێزە سیاسییەکان بۆ وەرگرتنى پۆستەکە وایکردووە هیچ بەربژێرێک پێشکەش نەکرێت و خودى خۆى سەرۆکایەتیی دەزگاکە بکات.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان نەرمییەکى ئەوتۆیان نەنواندووە بۆ ڕادەستکردنى چەکەکانیان، بەڵام هەوڵدەدەن گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران بکەنە دەرفەتێک بۆ وەرگرتنى پۆست و پێگەى گرنگى حکومى، لەوانەش؛ سەرۆکى دەزگاى هەواڵگریی نیشتمانى.

بەگوێرەى زانیارییەکان، کەتیبەکانى حیزبوڵا کە یەکێکە لەو چوار گرووپەى تاوەکو ئێستا ڕەتیکردووەتەوە چەک ڕادەست بکات، بەمنزیکانە بەشداریی حکومەت دەکات و ژمارەیەک پۆست وەردەگرێت لەوانە؛ پێنج پۆستى بریکارى وەزارەت و 32 بەڕێوەبەرى گشتى لە پاڵ پۆستى ئەمنى لە وەزارەتەکانى بەرگرى و ناوخۆ.

کۆکردنەوەی چەک و بەرتیلی سیاسی

هەرچەندە ئەم داواکارییەى گرووپەکان بۆ وەرگرتنى پۆست و بە دیاریکراوى پۆستى سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى نیشتمانى لەبەرامبەر چەکدانان بە فەرمى پشت ڕاستنەکراوەتەوە، بەڵام دەبێتە تاقیکردنەوەیەک بۆ تواناکانى عەلى زەیدى، لەوەى تاوەکو چەند دەتوانێت دۆسیەى کۆکردنەوەى چەک و هاوسەنگى سیاسى لە دابەشکردنى پۆستە گرنگەکان جیادەکاتەوە.

ڕۆڵی بێلایەنەکان

لە نێو گەرمەى مشتومڕ و ململانێ سیاسییەکاندا، بەشێک لە هێزە سیاسییەکان لەگەڵ ئەوەدان زەیدى کەسانى سەربەخۆ و بێلایەن بۆ پۆستە هەستیارەکان دیاری بکات.

لەوانەش، محەممەد حەلبووسى سەرۆکى حیزبى تەقەدووم، پشتیوانى خۆى بۆ زەیدى لە دانانى کەسانى بێلان و سەربەخۆ لە پۆستەکاندا ڕاگەیاندووە.

عەلى زەیدى لە مانگى تەمموزەوە هەڵمەتێکى فراوانى بۆ گۆڕانکاریی لە پۆستە باڵاکاندا دەستپێکردووە، لەوانە؛ دوورخستنەوەى عەبدولکەریم بەسڕى لە سەرۆکى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى و ڕاسپاردنى باسم بەدرى، لابردنى قاسم ئەعرەجى، ڕاوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی و دانانى قاسم عەبوودى لە جێگەى.

هەروەها زەیدى، عەبدولئەمیر شەممەرى کردە بەڕێوەبەرى نووسینگەى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان و زیاد حوشى ڕاسپارد بۆ سەرۆکى دەزگاى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر.

مەنسور بعێجى، پەرلەمانتارى هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان ئاشکرایکردووە، ئەو گۆڕانکارییانەى زەیدى دەستیپێکردووە، 50 پۆست دەگرێتەوە، کە دوایینیان گۆڕینى ئیحسان عەوادى بەڕێوەبەرى نووسینگەکەى و لابردنى حەمید شەترى سەرۆکى دەزگاى هەواڵگریی نیشتمانی بووە.

بەگوتەى ئەو پەرلەمانتارە، گۆڕانکارییەکانى زەیدى دەگاتە بەڕێوەبەرانى گشتى لە دەستەى حەشدى شەعبى.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

جۆناسان پاول لە عێراقە؛ دانوستانکاری سێبەرى بەریتانیا

Loading related news...