
کەناڵ8- سلێمانی
کۆلێژی پزیشکیی ڤێترنەری زانکۆی سلێمانی پرۆژەیەکی تایبەت بە نەزۆککردن و کەمکردنەوەی سەگی بێلانەی ئەنجامدا و بڕیارە چالاکییەکانیان بەردەوامبێت.
لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا سەدان سەگ پاش نەزۆککردن گواستراونەتەوە بۆ جێگای تایبەتی دوور لە ناوەندی شارەکان.
بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر پرۆژەکە، دیسکی تەندروستیی کەناڵ8 دیمانەیەکی لەگەڵ د. د.عەبدولڕەحمان ئومێد پزیشکی ڤێترنەری و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە ئەنجامداوە.
د.عەبدولڕەحمان ئومێد پزیشکی ڤێترنەری بە دیسکی تەندروستیی کەناڵ8-ی راگەیاند:
بەهۆی زۆریی ژمارەی سەگی بێلانە لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان و دروستبوونی مەترسیی لەسەر گیانی خەڵک، کۆلێژی پزیشکی ڤێترنەری زانکۆی سلێمانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان و رەوەز ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیەکی تایبەتیان بۆ نەزۆککردن و کەمکردنەوەی سەگی بێلانە ئەنجامدا و تێیدا پڕۆسەی نەزۆککردنی سەگە بێلانەکان لە نەخۆشخانەی کۆلێژی پزیشکی ڤێترنەری ئەنجامدرا.
لە کوێ دەستکرا بەیەکەم هەنگاوی پرۆسەی کۆکردنەوە و نەزۆککردنی سەگەکان و چۆن پرۆسەکە جێبەجێکرا؟
لە میانەی چاوپێکەوتنەکەدا د.عەبدولڕەحمان ئومێد رایگەیاند: لەیەکەم هەنگاودا ژمارەیەک سەگ لە زانکۆی سلێمانی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی زانکۆی سلێمانی کۆکرانەوە، بە بەشداری 40 خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی ڤێترنەری و بە دوو تیمی بەیانیان و ئێواران لە سەرجەم گەڕەکەکانی شاری سلێمانی لە گەرەکی قڕگەوە بۆ ناوچەی تاسلوجە پڕۆسەی کۆکردنەوەی سەگەکان ئەنجامدرا.
سەگەکان بە ئامێری تایبەت و لە رێگەی بەنجکردنەوە و بە ئۆتۆمبێلی تایبەت دەگوێزرانەوە بۆ شێڵتەر، 1200 سەگی بێلانە کۆکرانەوە و پڕۆسەی نەزۆککردنیان بۆ ئەنجامدرا.
دیارترین ئەو نەخۆشییانە چیین کە لەرێگەی گەستنی سەگەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە؟
نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی سەگ وەک هاری لە رێگەی گازگرتن یان بەرکەوتنی راستەوخۆی کەسەکە لەگەڵ شلەی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە بڵاودەبنەوە.
هەروەها ناڕاستەوخۆش لە رێگەی خواردنی سەوزەی پیسبوو بە بە پاشەڕۆی سەگ، مرۆڤ تووشی کیسی ئاوی دەبێت، بەهۆی وەرگرتنی مشەخۆر.
پێویستە لە کاتی گەستنی سەگدا چیبکرێت؟
وەکو لە ماڵپەڕی کلیڤیلاند کلینیک هاتووە، ئەگەر کەسێک سەگ گازی لێگرتبێت، پێویستە دەستبەجێ ئەم هەنگاوانە بگرێتەبەر:
1.برینەکە بشۆردرێت
2. سابوونێکی شل بەکاربهێنرێت و ئاوی شلەتێن بەسەر برینەکەدا بکرێت بۆ ماوەی پینج بۆ 10 خولەک
3. بە قوماشێکی خاوێن خوێن بەربوونەکە هێواشبکرێتەوە
4. کرێمی دژە بەکتریا بەکاربهێنرێت
5. برینەکە بە باندجێک بپێچرێتەوە بە شێوەیەک کە هەواگۆڕکێ بکات و باندجەکە لە رۆژێکدا چەند جارێک بگۆڕدرێت
6.برینەکە بپێچرێت و سەردانی پزیشک بکرێت، باندجەکە لە رۆژێکدا چەند جارێک بگۆڕدرێت
7.دوای پشکنینی برینەکە لەلایەن پزیشکەوە ، دەبێت کەسەکە ئاگاداری نیشانەکانی هەوکردن بێت، لەوانە: سووربوونەوە، هەڵاوساوی، ئازار و تا.
نیشانەکانی نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان لەسەر مرۆڤ چییە؟
نیشانەکانی نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان، واتە ئەو نەخۆشییانەی لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، برییتن لە: کۆکە، پژمین، هەناسەتووندی، سکچوون، رشانەوە، برین، ئازار، خوراندنی زۆر، هەڵوەرینی قژ، تا، سووربوونەوەی چاو، زەردیی پێست یان چاو(زەردوویی)، ئاوسانی لیمفەگرێکان، هتد.
