
پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی چەند کەسێکی لە گوندی گردەڕەشەی سنووری خەبات بەهۆی دروستکردنی پشێوی بڵاوکردەوە.
گوتەبێژی هەرکییەکان ڕایگەیاند پێنج لە دەستگیرکراوەکان برادەر و خزم نزیکی خورشید هەرکین و ماڵەکەشی دەستی بەسەردا گیراوە.
گرژییەکان دوای ئەوە هاتن کە گەنجانی هەرکی بە چەکەوە ڕێگایان گرت و داوای ئازادکردنی خورشید هەرکی و براکەیان کرد.
بەگوێرەی زانیاری کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، لەسەر گرژییەکانی شەوی ڕابردووی گوندی گردەڕەشەی سنووری شارۆچکەی خەبات، پۆلیسی هەولێر ژمارەیەک گەنجی دەستگیرکردووە و وەلید هەرکی، گوتەبێژی هەرکییەکان ڕایگەیاند پێنج کەس لە دەستگیرکراوەکان سێ برا و ئامۆزا و برازایەکی خورشید هەرکین.
چەند کەسێک لە گوندی گردەڕەشەی سنووری قەزای خەبات دەستیان کردبوو بە دروستکردنی پشێوی و نا ئارامی.
بۆ پاراستنی ئۆقرەیی و ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە سەر و ماڵی هاووڵاتیان و کەرتی گشتی هێزەکان گەیشتنە سنوورەکە.
ئەوانەی دەستیان لە دروستکردنی پشێووییەکەدا هەبوو بە فەرمانی دادوەر ڕاگیران.
ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێکی دیکەش دەگیرێتە بەر کە بەشدارییان لەو ڕووداوەدا کردووە.
وەلید هەرکی، گوتەبێژی هەرکییەکان ڕایگەیاند ئەو پێنج کەسەی دەستگیرکراون سییان برای خورشید هەرکین بە ناوەکانی هاروون، ڕەشید و محەممەد، لەگەڵ جەسامی ئامۆزای و مەحموودی برازای، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد ئێستا هێزە ئەمنییەکان لە ماڵی خورشید هەرکی جێگیرکراون و دەستیان بەسەردا گرتووە و ژن و منداڵی خورشید ماڵەکەیان چۆڵکردووە و لە گوندەکە نەماون، جەختیشی کردەوە ئەو پێنج کەسە بۆ تاوتوێکردنی گرژییەکان بانگێشتی وەزارەتی ناوخۆ کراون بەڵام لەوێ دەستگیرکراون و هیچ گرژییەک لەناو گوندەکە ڕووی نەداوە.
درەنگانی شەوی ڕابردوو دیمەنی گردبوونەوەی گەنجانی هەرکی لە گوندی گردەڕەشە بڵاوبووەوە کە بە چەکی جۆراجۆر ڕێگای گوندەکەیان گرتووە و تەقە بە ئاسماندا دەکەن و داوای ئازادکردنی خورشید هەرکی و حەیدەری براکەیان دەکەن، دوابەدوای ئەوە هێزێکی زۆری زێرەڤانی و ئاسایش بە چەکی سووک و مامناوەند ڕەوانەی گوندەکە و دەوروبەری ماڵی خورشید هەرکی کران و چەندین بازگەیان لەسەر ڕێگای گوندەکە دانا، ئەم گردبوونەوەیەش دوای ئەوە هات کە ڕۆژێک پێشتر براکانی لە زیندان سەردانی خورشید و حەیدەریان کردبوو و پێیان گوترابوو بەنیازن لە ڕێگەی دادگاوە سزایان بەسەردا بسەپێنن و داوایان لێکرابوو بۆ ڕێگری لەوە کارێک بڵێن.
کێشەی خورشید هەرکی سەریهەڵدایەوە و هێزێکی زۆر جێگیرکرا
خورشید هەرکی؛ 7 تۆمەتی قورس ئاڕاستەی کراون و مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرە
لە 'هەوڵی تیرۆر'ەوە بۆ 'زیندان'؛ خورشید هەرکی پێشتر لە کەناڵ8وە چ پەیامێکی ئاراستەی پارتی کردبوو؟
