بە ماددەی سێی تیرۆر؛ دانیشتنی دادگاییکردنی خورشید هەرکی و چوار کەسی دیکە لە هەولێر بەڕێوەچوو

پووختەی هەواڵەکە

  • ئەمڕۆ دادگاییکردنی خورشید هەرکی، حەیدەر هەرکی و نێچیروان هەرکی و سێ کەسی دیکە بەڕێوەچوو.

  • خورشید هەرکی و حەیدەری برای لەگەڵ سێ کەسی دیکە بەماددەی 3ـی تیرۆر دادگایی دەکرێن.

  • یەکێک لە گیراوەکان بەرپرسی کۆمیتەی پێشووی یەکێتییە لە خەبات.


ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـى تشرینى یەکەمى 2026، دادگاییکردنی خورشید هەرکی، حەیدەر هەرکی و نێچیروان هەرکی و چەند کەسێکی دیکە بەڕێوەچووە و بە گوێرەی زانیارییەکان، دادگاى هەولێر بە ماددەى 3ـی تیرۆر دۆسییەى بۆ کردوونەتەوە کە سزاکەیان لە نێوان پێنج ساڵ بۆ زیندانی هەتاهەتاییدایە و دانیشتنەکەش دواخراوە بۆ کاتیکی نادیار.


دۆسییەکەی خورشید هەرکی

  • ئەمڕۆ لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر، دادگایی خورشید هەرکی، حەیدەر هەرکی کە بران، لەگەڵ نێچیروان هەرکی کە بەرپرسی کۆمیتەی خەباتى یەکێتیی بووە بەڕێوەچوو.

  • غازی هەرکی، کەبیر هەرکی دوو کەسی دیکەبوون کە لەگەڵ تۆمەتباران لە دادگا ئامادەبوون.

  • کەناڵ8 زانیویەتی، هەر پێنجیان بە گوێرەی ماددەی سێی تیرۆر دۆسییەیان بۆ کراوەتەوە.

  • لە کۆتایی ساڵى ڕابردوو هاونیشتمانیانى گوندى لاجان بەهۆى کەمى خزمەتگوزارى خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داواى هەلى کار و دابینکردنى خزمەتگوزارییان کرد.

  • بەڵام هێزە ئەمنییەکانى پارتى هێرشیانکردە سەر خۆپیشاندەران و گرژى و ناکۆکى درووستبوو، بەوهۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر برینداربوون و دوو کەسیش گیانیان لەدەستدا.

  • دواتر هێزە ئەمنییەکان خەڵکى گوندى لاجانیان لەماڵەکانیان دەرکرد و دەستیان کرد بە پشکنینى سەرجەم ماڵەکان، بە بیانوى بونى چەکى نایاسایی.

  • ئەمەش نیگەرانى لاى خەڵکى سنوورەکە درووستکرد و خۆپیشاندانەکان فراوانبوو، بەوهۆیەوە هێزى ئەمنى بەتەواوى لەو سنوورانەى خۆپیشاندان هەبوو بڵاوەیان پێکرا.

  • سەرەنجام ژمارەیەک خۆپیشاندەر دەستگیرکران و ئەمڕۆش بە ماددەی 3ـی تیرۆر دۆسییەیان بۆ کراوەتەوە.

  • کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆى دادگا بە ئامادەیی خورشید و حەیدەر هەرکی و سێ کەسەکەی دیکە بەڕێوەچووە و دۆخی تەندروستییان باش بووە و نۆرەی ئەوان نەبووە کە قسەبکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان ئەمڕۆ لە دادگاییەکەدا سکاڵاکاران و نوێنەری ئەو فەرمانگانەی کە زیانیان بەرکەوتبوو لەکاتی گرژییەکاندا وتەى خۆیان پێشکەشکرد، ئەوان باسیان لە زیانەکانیان و سوتانی فەرمانگەکانیان کرد، کە لەکاتى بەڕێوەچوونى خۆپیشاندانەکان ڕوویاندا.

نوێنەرى ئەو فەرمانگانەى ئامادەی دانیشتنەکە بوون بریتیبوون لە پەروەردە، تەندروستی، وەرزش و لاوان، فەرمانگەی کارتی نیشتنمانی، پۆلیس، وێستگەی قەپانی سەربە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و شارەوانی لە قەزاى خەبات بوون.

بەگوێرەی زانیارییەکان هەرچەندە دەبێت لەناو دانیشتنەکەدا وادەی دانیشتنی داهاتوو دیاریبکرێت، بەڵام وادەکە دیارنەکراوە و دواخراوە و بڕیارە سبەی وادەیەک بۆ دانیشتنی داهاتوو دیاری بکرێت.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

لەسەر گرژییەکانی گوندی گردەڕەشە ژمارەیەک گەنج دەستگیرکراون

کەناڵ8

Mon Nov 16 2026

Loading related news...