دۆخی کارەبا لە سلێمانی؛ 6 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی و 11 کاتژمێر مۆلیدە هەیە

وێستگەیەکی چاودێریکردنی تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستان
وێستگەیەکی چاودێریکردنی تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستان

پووختەی هەواڵەکە

  • گوتەبێژى کارەباى سلێمانى ڕایگەیاند، هیچ وادەیەک دیارینەکراوە بۆ ئاساییبوونەوەی کارەباى نیشتمانى.

  • مۆلیدە ئەهلییەکان 11 کاتژمێر کارەبا دەدەنە هاونیشتمانییان.


هەفتەیەک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشە دۆنییەکەى سەر کێڵگەى کۆرمۆر کە بەهۆیەوە کارەباى نیشتمانى لە هەرێمى کوردستان بە گشتى کەمبووەوە بۆ تەنیا شەش کاتژمێر، لە ئێستادا مۆلیدە ئەهلییەکان قەرەبووی نەبوونی کارەبا دەکەنەوە و 11 کاتژمێر کارەبا دەدەنە هاونیشتمانی.


دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان

  • سیروان محەممەد، گوتەبێژى بەرێوەبەرایەتیى کارەباى سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" شەش کاتژمێر کارەباى نیشتمانى دەدرێتە هاونیشتمانییان، لەپاڵ کارەبای نیشتمانی، مۆلیدە ئەهلییەکان ڕۆژانە کارەبا دەدەن".

  • ڕاشیگەیاند" هیچ وادەیەکى دیاریکراو نییە بۆ گەڕانەوەى کارەباى 24 کاتژمێرى بۆ هاونیشتمانییان".

  • ڕۆژى 8ـى ئەم مانگە هێرشى درۆنى کرایە سەر کیڵگەى کۆرمۆر و بەو هۆیەوە کارەباى نیشتمانى لە 24 کاتژمێر بۆ تەنیا شەش کاتژمێر کەمبووەوە.

هاوکات، فازڵ سەعید، سەرۆکى کۆمەڵەى مۆلیدە ئەهلییەکان لە سلێمانى بە کەناڵ8ـى گوت"بەگوێرەی ڕێککەوتن ئێمە ڕۆژانە 11 کاتژمێر کارەباى مۆلیدە دەبێت بدەینە هاونیشتمانییان لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانی، کە بەیانیان دوو کاتژمێر، ئێواران کاتژمێر چوارى پاشنیوەڕۆ بۆ کاتژمێر 1ـى شەو دەبێت".

ئەوەشى ڕوونکردەوە، دیاریکردنى پارەى کارەباى مۆلیدە ئەهلییەکان لەلایەن قایمقامییەتەوە دیاریدەکرێت و تاوەکو ئێستا هیچ نرخێک دیارینەکراوە کە بۆ هەر ئەمپێرێک چەند لە هاونیشتمانییان وەردەگیرێت.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

لە هەولێر تەنیا دوو بۆ سێ کاتژمێر کارەباى نیشتمانى هەیە

Loading related news...