
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی شاندێکی باڵای قەتەر گەیشتنە تاران.
سەردانەکە لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانە بۆ ڕێگری لە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن.
بە گوێرەی ئاژانسە جیهانییەکان سەردانی شاندە قەتەرییەکە لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانە بۆ نێوەندگیری نێوان تاران و واشنتن و کەمکردنەوەی گرژیی و ئاڵۆزییەکان و ڕێگری لە دووبارە هەڵگیرسانەوەی جەنگە لە ناوچەکەدا.
بۆ ماوەى کەمتر لە هەفتەیەک ئەمە دووەمین شاندى قەتەرە کە سەردانى تاران دەکەن.
دوای ئەوەی 25ـی ئەم مانگە شاندێکی باڵا لە دەوحە بۆ هەمان مەبەست گەیشتنە تاران.
قەتەر ڕەشنووسی ڕێککەوتنێکی نوێی لە پێناو کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل داوەتە تاران.
عەباس عێراقچى: ئەوەی دەوحە پێشکەشیکردوون، پەسەند نەکراوەو نابێتە پێشنیازی فەرمی.
ئێستا ئەمریکا خۆی بۆ لێدانێکی کورت و بەهێز لە ئێران ئامادە دەکات.
موحسن ڕەزایی: ئەگەر جەنگ دەستپێبکات، تەواوى ناوچەکە بێ ئینتەرنێت دەکەن.
سەرجەم کێبڵەکانى ئینتەرنێت لە ئاوەکانى کەنداوی عەرەبی دەکەینە ئامانج.
هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی نێوەندگیر لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بەردەوامە، کە دواینیان لە کۆبوونەوەکەی 26ـی ئەم مانگە لە نێوان بەرپرسانی سەربازی و هەوڵگری ئێران، پاکستان، سعودیە و تورکیا لە تاران بوو.
بە گوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران یەکێک لە پرسەکانی کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن بووە، تێدا عاسم مونیر، سوپا سالاری پاکستان نامە و پێشنیازی نوێی ترەمپی گەیاندووەتە دەستی ئێرانییەکان.
لە دوا هەوڵیشدا جەى دى ڤانس، جێگرى سەرۆکى ئەمریکا ڕایگەیاند نامەیەکى بۆ موحسن ڕەزایی ناردووە و داواى دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکانى کردووە لەسەر پرسی ئەتۆمى ئەو وڵاتە.
جەى دى ڤانس: سەرۆک ترەمپ ڕێگەنادات جەنگى ئێران ببێتە جەنگێکى بێ کۆتایی