
لە ماوەی چەند رۆژێکدا لە ئەنقەرە 33 کەس بەهۆی خواردنەوەی حکولی ساختەوە گیانیان لەدەستدا و لە 23 رۆژیشدا ژمارەی گیان لەدەستدان لە تورکیا بەو هۆیەوە بۆ 103 کەس بەرزبووەوە.
ڤاسیپ شاهین، پارێزگاری ئەنقەرە رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا، 33 کەس بەهۆی بەکارهێنانی خواردنەوەی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە و 20 کەسی دیکەش لەژێر چاودێریی پزیشکیی چڕدان.
شاهین ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکانیان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دەستیان لە فرۆشتنی خواردنەوەی حکولی ساختەدا هەیە.
لە ناوەڕاستی مانگی رابردووەوە تاوەکو ئێستا لە شاری ئیستانبوڵ، 70 کەس بەهۆی خواردنەوە کحولە ساختەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و 40 کەسی دیکەش لە نەخۆشخانەکانی شارەکەدا لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئەو خواردنەوە کحولییانەی بەکارهێنراون، بەهۆی بوونی ماددەی میسانۆڵ تیایاندا ژەهراویی بوون.
ژووری پزیشکانی ئیستانبوڵیش دەڵێت، بەهۆی ئەو باجە زۆرەی خراوەتە سەری، بەرهەمهێنانی ماددە کحولییەکان بەشێوەی نایاسایی زیادیکردووە، ئەوەش دەرگای بە رووی ماددەی کحولیی ژەهراویی بوودا کردووەتەوە.


