
پارێزگاى هەولێر دەڵێت، بەهۆى نەگۆڕینى ناوەوە بارەگاکەى هاوپەیمانیمان داخستووە.
هاوپەیمانیى نیشتمانى: داخستنى بارەگاکەمان پێچەوانەى یاسایە .
سەرۆکى هاوپەیمانییەکە: پارتى دیموکراتى کوردستان دەخەینەژێر بەرپرسیارێتى.
پارێزگاى هەولێر ڕوونکردنەوەیەکى لەبارەى داخستنى بارەگاى سەرەکى هاوپەیمانیى نیشتمانى بڵاوکردەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، بەهۆى نەگۆڕینى ناوى هاوپەیمانییەکە بووە.
ڕۆژى پێنجشەممە، هاوپەیمانیى نیشتمانى، داخستنى بارەگاى سەرەکى حیزبەکەى لە شارى هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕاگەیاند و داواى لە پارتى دیموکراتى کوردستان و وەزارەتى ناوخۆ کرد، دەستبەجێ ئەو کارە ڕابگرن.
هاوپەیمانییەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، بەبێ هیچ پاساوێک ئەم کارە نایاساییە ئەنجام دراوە.
داخستنى بارەگاى سەرەکى هاوپەیمانییەکەى بە پێچەوانەی یاسا ناو دەبەن و هۆشدارى ئەوەیاندا، ڕێکاری یاسایى دەگرنەبەر.
لە 17ـی مانگی ئەیلوولى ئەمساڵ، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی وەزاری دەرکردووە، بەگوێرەی یاسای حیزبەکانی هەرێمی کوردستان ژمارە 17ـی ساڵی 1993ـی هەموارکراو و بە واژۆی وەزیری ناوخۆ، فەرمان کراوە، "ناوی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی بگۆڕێت و لە ڕۆژی دەرچوونی فەرمانەکەوە جێبەجێ بکرێت.
لە نووسراوێکی دیکەدا کە 8ـی ئەم مانگە بۆ پارێزگای هەولێر نێردراوە، وەزیری ناوخۆ داوای کردووە، لەسەر داوای پارتی (هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمان) بارەگاکانی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە هەولێر و سلێمانی دابخرێن.
دوای نووسراوی وەزیری ناوخۆ، پارێزگاری هەولێر ڕۆژى 18ـی ئەم مانگە، نووسراوێکی بۆ ئاسایش و پۆلیسی هەولێر کردووە و تێیدا داوا دەکات، بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی وەزیری ناوخۆ، کاری پێویست ئەنجام بدەن.
بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ، پارێزگاری هەولێر هێزێکی هاوبەش لە نوێنەری کاروباری ناوخۆی پارێزگاو پۆلیس و ئاسایشی ڕاسپارد، بارەگاکە دابخەن.
هاوپەیمانیی نیشتمانی حیزبێکی سیاسییە لە هەرێمی کوردستان و لە ئێستادا لەلایەن دڵشاد بابانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
حیزبەکە لە سەرەتادا بە ناوی (هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری) لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتى سیاسییەوە دامەزرا و لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە سەرۆکایەتى دەکرا، دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ (هاوپەیمانیی نیشتمانی) و دوای گۆڕینی ناوەکەی، حیزبەکە لەلایەن ئارام قادرەوە سەرۆکایەتی دەکرا و دواتر دەستیلەکارکێشایەوە، پاشان دڵشاد بابان بووە سەرۆکی حیزبەکە.
ڕۆژی پێنجشەممەى ڕابردوو هێزێکی ئەمنی چوونە سەر بارەگای سەرەکی حیزبەکە لە پارێزگای هەولێر و داوایان کردووە ئۆفیسەکە چۆڵ بکرێت و دایانخستووە.
