جێگری پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، سبەی لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنى نەوت دەکەن و پێنجوێنیش یەکەم شوێن دەبێت.
شاهۆ عوسمان دەشڵێت، هیچ قەیرانێکى غاز لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى بوونى نییە.
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی، لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پاش هەوڵى لایەنە پەیوەندیدارەکان، بڕێک نەوتى سپى بۆ هەرێمى کوردستان دابینکراوە و دواى تەواوکردنى ڕێکارەکان، دەست بەدابەشکردنى دەکەن.
دابەشکردنى نەوت سەرەتا لە ناوچەشاخاوییەکانەوە دەستپێدەکات و دواتریش لە ناو شارەکان دابەشى دەکەن.
سەرجەم هاونیشتمانییان دڵنیا دەکەینەوە، هیچ قەیرانێکى غاز لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى بوونى نییە .
لە کۆگاکان غازى پێویست هەیە و بەهیچ جۆرێک کێشەى غاز دروست نابێت و نرخى غازیش بەرزنابێتەوە.
لەبارەى نرخى کارەباى مۆلیدەئەهلییەکانیشەوە، جێگری پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، لیژنە تایبەتمەندەکانى قایمقامییەتى سلێمانى بە ڕەچاوکردنى دۆخى هاونیشتمانییان نرخەکان دیاریدەکەن و مافى خاوەن مۆلیدەکانیش پارێزراو دەبێت.

