150 ملیار دیناری بەڵێندەرانی سنووری سلێمانی لای حکومەتە

پووختەی هەواڵەکە

  • لقی سلێمانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان ڕایگەیاند، 150 ملیار دینارى بەڵێندەران لاى حکومەتە.

  • ژین عەبدوڵا، گوتەبێژى لقی سلێمانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان دەڵێت، بۆ پرۆژەى نوێ پارە خەرج ناکرێت.


بەڵێندەرانى سنوورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانى گەرمیان و ڕاپەڕین، 150 ملیار دیناریان لاى حکومەتە و بەشێکیان بەڵێننامەى یاساییان پێ پڕکراوەتەوە تاوەکو دۆخى دارایی هەرێمى کوردستان باش نەبێت، داواى پارە نەکەنەوە.


ژین عەبدوڵا، گوتەبێژى لقی سلێمانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان بۆ کەناڵ8ـ:

  • بە نزیکەى 150 ملیار دینارمان لاى حکومەتى هەرێمى کوردستانە لە ساڵى 2014ـەوە تاوەکو ئێستا.

  • چەکى بانکییان وەرگرتووە، شەش مانگى بەسەردا بچێت چەکەکە بەسەردەچێت.

  • پێویستبوو فەرمانگەکە چەکێکى دیکە بۆ بەڵێندەرەکە بکات، فەرمانگەکانیش چەکی نوێیان بە بەڵێندەران نەدەکرد.

  • حکومەت بەڵێننامەیەکى یاسایی بە بەڵێندەران پڕکردووەتەوە، کە تاوەکو شەڕى داعش نامێنێت و قەیرانى دارایی کۆتایی دێت، داواى پارە نەکەن.

  • شەڕى داعش لە 2017ـەوە نەماوە، بەڵام تێگەیشتنى هەڵە بۆ بەڵێننامەى بەڵێندەران بۆ وەرگرتنەوەى پارەکانیان دروستکراوە.

  • ماوەیەک بۆ کارى پڕۆژەى نوێ بەشێک لە سولفەى پڕۆژەکەیان خەرج دەکرد، بەجۆرێک؛ ئەگەر خەرجیی پڕۆژەکە 200 ملیۆن دینار بووایە، 50 ملیۆن دیناریان خەرج دەکرد.

  • ئێستا بۆ پرۆژەى نوێش پارەى بەڵێندەران خەرج ناکرێت.

  • ئەگەر حکومەتى خۆجێیی سلێمانى بیانەوێت کارکردن لە پرۆژە وەستاوەکان و ئەو پرۆژانەى دیکە دەستپێبکرێتەوە، پێویستە پارەى بەڵێندەران بە خشتەیەکى دیاریکراو خەرج بکەن، تاوەکو بەڵێندەرانیش بتوانن دەست بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکان بکەنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، 206 پڕۆژە لەسەر پارەى پترۆدۆلار لە ساڵى 2014ـەوە ڕاگیراوە و زیاتر لە %95ـى لە پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانى گەرمیان و ڕاپەڕینن و 100 کۆمپانیاش داوایان کردبوو شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکرێت.

یەکێتیى بەڵێندەرانى کوردستان، لەمانگى ئەیلولى ئەمساڵ ئەوەى ڕاگەیاندبوو، حکومەتى کاربەڕێکەر بڕیاریداوە ئەم پڕۆژانە لە بودجەى پترۆدۆلارەوە بگوازێتەوە سەر خەرجیی وەزارەتەکان و ئەمساڵ تەرخانى دارایی بۆ بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بودجەیەک بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخان نەکراوە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

بەڵێندەران داواى خەرجکردنى شایستە داراییەکانیان لە پڕۆژەکانى پترۆ دۆلار دەکەن

Loading related news...