
ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە لە یاریگەى یانەى نەورۆز لە شارى سلێمانى، یەکێک لە گرنگترین یارییەکانی گەڕی چواردەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبێت، کاتێک یانەی نەورۆز لە یاریگەی خۆیدا پێشوازی لە یانەی گەرمە دەکات.
یارییەکە کاتژمێر 19:30ی ئێوارە دەستپێدەکات،یانەی گەرمە بە ئاستێکی باشەوە هاتووەتە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە و یەکێکە لە یانە دیارەکانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کە لە پلەی یەکەمی خشتەی ڕیزبەندیدایە، بە 30 خاڵ خاوەنی نۆ بردنەوە، سێ یەکسانبوون و تەنها یەک دۆڕانە یەکەم یارییە لە ژێر سەرپەرشتى عەدنان حەمەدی، ڕاهێنەری عێراقی.
نەورۆز پێش ئەم یارییە 23 خاڵی کۆکردووەتەوە، لە پلەی پێنجەمى خشتەی ڕیزبەندیدایە و بە تۆمارکردنی شەش بردنەوە، پێنج یەکسانبوون و دوو دۆڕان، بە بردنەوە و بەدەستهێنانی سێ خاڵ لە بەرامبەر پێشەنگی خولەکەدا نەورۆز دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ نزیکبوونەوە لە پلەکانی سەرەوەی ڕیزبەندیی.
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم یارییە ئامادەبوونی هاندەرانی نەورۆزە، بلیتە ئاساییەکانی یارییەکە پێشتر تەواو فرۆشراون و چاوەڕوان دەکرێت یاریگەکە پڕ بێت لە هاندەر.
ئۆلتراسی نەورۆز ئامادەکارییان بۆ پێشکەشکردنی دیمەن و نمایشێکی تایبەت کردووە و بڕیارە هاندەران بە ملپێچ و ڕەنگی سوور ئامادەی یاریگە ببن، بۆ ئەوەی یاریگەی نەورۆز ببێتە یاریگەیەکی سوورپۆش، کەناڵ8 زیاتر لە 5000 ملپێچی کردە دیاری بۆ نەورۆزی هەمووان.
ناوبژیوانی ئوردنی، ئەحمەد یەعقوب، ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکانی گەڕى چواردەیەمى خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یاریی نێوان نەورۆز و گەرمە لە یاریگەى نەورۆز بەڕێوە دەبات.
یاریدەدەرەکانیشى کە هەر لە وڵاتى ئوردنەوە هاتوون پێکهاتوون لە ئەیمەن عوبێدات و ئەحمەد عادل شانبەشانى ناوبژیوانى ڤار محەممەد موفید و ناوبژیوانى چوارەمیش توانا عوسمان دەبێت.

