سەڵاحەدین دەمیرتاش ماوەی 10 ساڵە لە زینداندایە.
دەمیرتاش یەکەمین سەرۆکی پارتێکە 10 ساڵ لە زیندان مابێتەوە.
10 ساڵی تەواو بەسەر دەستگیرکردن و زیندانیکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشدا تێدەپەڕێت، سەرەڕای پڕۆسەی ئاشتی و بڕیارەکانی دادگای ئەورووپاش بۆ ئازداکردنی، ئەنقەرە ڕەتیدەکاتەوە ئازادی بکات.
لە مانگی تشرینی یەکەمی 2014، لە باکووری کوردستان زنجیرەیەک خۆپیشاندانی فراوان بۆ پشتیوانیکردن لە کۆبانێ کرا.
دەسەڵاتیش دەمیرتاشی بە هاندانی خۆپیشاندەران تۆمەتبار کرد.
لە خۆپیشاندانەکاندا 54 کەس گیانیانلەدەستدا و سەدان کەسی دیکە بریندار بوون.
پەرلەمانی تورکیا لە 20ـی ئایاری 2016، مافی پارێزبەندیی لە دەمیرتاش سەندەوە.
دوو ساڵ دواتر و لە چواری تشرینی دووەمی 2016ەوە، بە زنجیرەیەک تۆمەت دەستگیرکرا و خرایە بەندینخانە.
ئەندامێتیی لە ڕێکخراوی تیرۆریستیی چەکدار.
ئەنجامدانی تاوان بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستی.
دەمیرتاش لە چوارچێوەی دادگاییکردنی لەسەر دۆسییەی کۆبانێ، بۆ یەکەم جار لە 25ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە بەردەم دادوەردا، بەرگریی لە خۆی کرد و گوتی، "یەک بەڵگەم لەسەر نییە و ئەو دۆسییەی لەسەرم کراوەتەوە، تۆڵەی سیاسییە. هەموومان دەستبەسەری سیاسیین."
پاش لێکۆڵینەوە و زنجیرەیەک دانیشتنی دادگا کە ماوەی هەشت ساڵی خایاند، لە ناوەڕاستی ئایاری 2024، دەمیرتاش بە 42 ساڵ زیندانیکردن سزادرا.
تەنیا ئەو سزایە نییە و تاوەکو ئێستا دەمیرتاش لەسەر چەند دۆسیەیەکی دیکە بە چەند ساڵێک زیندانیکردن سزادراوە، کە یەکێک لەو دۆسیانە، تایبەتە بە "سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار."
سەرەڕای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، سێ جار بڕیاری لەسەر ئازادکردنی دەمیرتاش داوە و بەندکردنی بە "پێشێلکاری" ناوبردووە، بەڵام ئەنقەرە ئازادکردنی ڕەتدەکاتەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتیدا، چاوەڕواندەکرا دەمیرتاش ئازاد بکرێت، بە تایبەت پاش ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە چەند جارێک داوای ئازادکردنی کرد، بەڵام ئەنقەرە هەموو داواکاری و چاوەڕوانییەکان بۆ ئازادکردنی ڕەتدەکاتەوە.
بە تەواوکردنی 10 ساڵ زیندانیکردن، دەمیرتاش دەبێتە یەکەم سەرۆکی پارتێکی سیاسی، کە زۆرترین ماوە لە زینداندا مابێتەوە.
دەمیرتاش لە سیاسییە هەرە دیارەکانی مێژووی بزووتنەوەی سیاسییە لە باکووری کوردستان و لە 10ـی نیسانی 1973 لە ناوچەى پاڵوی سەربە خارپێتی باکووری کوردستان لە دایکبووە، دوو برا و چوار خوشکی هەیە. هاوسەرگیریی کردووە و باوکی دوو کچە.
دەمیرتاش کۆلێجی یاسای لە زانکۆی ئەنقەرە تەواوکردووە، جگە لەوەی پارێزەر و سیاسییەکی دیارە، نووسەر و ڕۆماننووسە و ژمارەیەک چیرۆک و ڕۆمانی نووسیوە.
لە ساڵی 2006 بووەتە سەرۆکی لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە ئامەد و لە شوباتی 2010ـدا بووەتە هاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسیی (بەدەپە).
لە 22ـی حوزەیرانی 2014دا لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ بە هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە) هەڵبژێردران.
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا لە ئابی 2014، بووە بەربژێر و 9.76٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
پارتی دەم: پێویستە دەمیرتاش و یوکسەکداغ ئازاد بکرێن
ئۆزەل: خانووەکەی ئۆجەلان جێگەی باس نییە و گرنگ گەڕانەوەی دەمیرتاشە
دەمیرتاش و 4000 زیندانیی سیاسی بەگوێرەى یاسایەکی نوێ ئازاد دەکرێن
دەمیرتاش پەیامێک لەبارەی یاسای چوارچێوە ئاڕاستەی پەرلەمان دەکات
