
سەرۆکوەزیرانى عێراق پشکی کەرکووک لە کارەبا و سووتەمەنی زیاد کرد.
زەیدی بڕیاریدا بە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی پارێزگارى کەرکووک.
دۆسییەی نرخی کارەبای مۆلیدە ئاهلییەکانی کەرکووک دەدرێتە دەستەی دەستپاکی.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاویکردەوە، عەلى زەیدى، سەرپەرشتى کۆبوونەوەیەکى کردووە، بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی گشتیی پارێزگای کەرکووک و دۆسییە ئیداری و خزمەتگوزاری و ئەمنییە پەیوەندیدارەکان و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان لە پارێزگاکەدا.
بە زیادکردنی پشکی پارێزگای کەرکووک لە وزەی کارەبا، بەجۆرێک کە پێداویستییەکانی هاوڵاتییان دابین بکات.
لەگەڵ زیادکردنی پشکی تەرخانکراوی سووتەمەنی بۆ مۆلیدە ناحکومییەکان، بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی کارکردنیان.
پەلەکردن لە یەکلاکردنەوەی دۆسییەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک و کۆتاییهێنان بە بۆشایی ئیداری، بەگوێرەى ڕێککەوتنەکانی نێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکە.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکان و دەزگا ئەمنییەکانی ڕاسپارد، بۆ گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەکان بەمەبەستی سەقامگیرکردنی ئاسایش و ئارامی.
مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندانەکان بەگوێرەی دەستوور و یاسا و دەستەبەرکردنی پاراستنی خۆپیشاندەران و موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت.
بڕیاریشیدا بە ڕەوانەکردنی دۆسیەی نرخی مۆلیدە ئاهلییەکان بۆ دەستەی دەستپاکی، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و وردبینی لە سەرپێچییە پەیوەندیدارەکان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست.
چەند ڕۆژێکە، دانیشتووانى 12 گەڕەکی شاری کەرکووک، دژی کەمیی کارەبای نیشتمانی و گرانی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و بەهۆى دروستبوونى گرژییەکانیشەوە، ژمارەیەک خۆپیشاندەر و کارمەندانى هێزە ئەمنییەکان برینداربوون و سوپای عێراقیش لە بەشێکی شەقامەکانی کەرکووک بڵاوەی پێکرا.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ