
ڕێبوار کەریم وەلى، میدیاکار و چاودێرى سیاسیی کوردستان، لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى بابەتێکى بڵاوکردوەتەوە و تیایدا لە بارەى کاراکردنەوەى پەرلەمان و مێژووى مامەڵەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان لە بەرامبەر پەرلەمانى کوردستان، ئاماژەى بەوەکردوە، پارتى دیموکراتى کوردستان بڕواى وایە ئەگەر "پەرلەمانێک کە ئەوان تیایدا باڵا دەست نەبن، شەرعییەتى لە دەستداوە".
تەواوى دەقى نووسینەکەى ڕێبوار کەریم وەلى:
پارتییەکان لە نەوەتەکان، دروشمێکیان هەبوو: "پێشڕەوی کورد پارتییە، پەرلەمانمان بۆ چییە"!
هەر بەڕاست، پارتی و پەرلەمان کوجا مەرحەبا؟ یان پارتی پەرلەمانی بۆ چییە؟
"ئەگەر تەماشای مێژووی پەرلەمانی کوردستان بکەی، کەس بەقەدەر پارتی وەکو حزبێکی سابیقەدار سوکایەتیی بەو دامەزراوەیە نەکردووە".
-لە 31ـی ئاب خستییە ژێر پۆستاڵ و ئاڵای بەعس.
-لە 2015بە رێگریکردن لە سەرۆکی پەرلەمان، بۆ دوو ساڵ قوفڵی لە دەرگەی پەرلەمان و دوا بزماریشی لە تابوتی سیستەمی پەرلەمانی دا.
-لە 2022ش بێ گوێدانە قانون، تەمەنی پەرلەمانی درێژ کردووە و ئەوەش وایکرد کە ساڵی دواتر، دادگای دەستوریی عێراق، پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێنێتەوە.
ئینجا ئەگەر لە پارتی بپرسی بۆ واتان کرد؟ رێک جوابەکەی ئەوەیە: بۆ گەڕاندنەوەی شەرعییەت!
"پەرلەمانێک کە پارتی تێیدا باڵادەست نەبێ، شەرعییەتی لە دەستداوە"!!!
ئێستا پارتی، رێک وەکو سەردەمی 31ی ئاب، بە کڕین و گوشار لە لایەک و بە نمایشی حزبە موهەڕیجەکانی لە هەوڵی دەستەبەرکردنی 50+1 ی پەرلەمانە و گوایە پەرلەمان کارا دەکاتەوە! بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە بەم کارە، 49%ـی حوکمڕانیش پێشکەشی یەکێتی دەکات و پاڵ بە یەکێتییەوە دەنێ کە دوو ئیدارەیی زیندوو بکاتەوە.
خۆ ئەگەر نەیتوانی 50+1 دەستبەر بکات، ئەو کاتە دەڵێ من هەموو هەوڵێکم دا، بەڵام یەکێتی رێگرە.
