
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، گوماندەکرێت ئێران ئەو ژمارە زۆرە بەنداوەی بۆ پشتیوانیی بنکە سەربازی و مووشەکییەکان دروستکردبێت.
ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری و وزەی ئێرانی کردووە.
ئێران: ئەگەر هێرش بکرێتەسەر بەنداوەکانمان هێرش دەکەینە سەر بەندەر و وێستگەکانی کارەبا.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریی بڵاوکردنەوە لەبارەی ئەوەی، کە ئایا ئامانجی ئێران لە دروستکردنی ئەو ژمارە زۆرە بەنداوە لە وڵاتەکەیدا، بۆ پشتیوانیکردنی بنکە سەربازییەکان و مووشەکییەکانی ژێرزەوییە لە وڵاتەکەدا؟
ڕاپۆرتەکە کاردانەوەی توندی بەرپرسانی ئێرانی لێکەوتەوە.
وەک ڕێگەخۆشکردنێک بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکا باسی دەکەن.
لە زاری محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە هەڕەشەی ئەوەش دەکەن، بۆردوومانکردنی هەر بەنداوێک بەرامبەر بەنداوێکی ناوچەکە و هەر وێستگەیەک بەرامبەر وێستگەیەکی کارەبای ناوچەکەیە.
هەرچەند ڕۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، هێشتا بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە، بەنداوەکان بۆ مەبەستی سەربازی دروستکراون بەڵام ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان دەڵێن، مەبەستی ئەمریکا زیاتر لە دوو شوێنە کە یەکەمیان پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆسەوە بۆ یەزد کە ئەوەش نزیکە لە بنکە مووشەکییەکانەوە چەند جارێکیش ئەو ناوچەیە کراوەتە ئامانج.
دووەمیان ناوچەی پارێزراوی "تارم"ە لە پارێزگای هورمزگان ئەو ناوچەیەی کە لە 14ی تەمموزی ئەمساڵ کەوتەبەر هێرشی ئاسمانی ئەمریکا و لە نزیکییەوە بنکەیەکی مووشەکیی ژێرزەمینی هەیە.
شارەزایان دەشڵێن، ڕەنگە ئەم گریمانانە بیانوو بداتە دەست ترەمپ بۆ هێرشکردنە سەر بەنداو، وێستگەی کارەبا و سەرچاوەکانی ئاوی ئێران.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش هەر زوو وەڵامی دایەوە ڕایگەیاند، بە ئامانجگرتنی بەنداوێکی وڵاتەکەی بەرامبەر بەندەر و وێستگەکانی کارەبای نزیک لە بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت.
پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لە تەواوی ئەو وڵاتە، 19 بەنداو هەبووە، لە دوای ساڵی 1979 تاوەکو ئێستا ژمارەی بەنداوەکانی ئێران گەیشتووەتە، نزیکەی 200 بەنداو بە گەورە و مامناوەند و بچووکەوە.
بە گشتی ئێران لە ئاوی گلدراوی بەنداوەکانی، سوود وەردەگرێت بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، دابینکردنی ئاو بۆ کشتوکاڵی، بەرهەمهێنانی کارەبا، کۆنترۆڵکردنی لافاو، بەکارهێنانی پیشەسازی و گەشتیاری.