وەبەرهێنانی سلێمانی: تۆمارکردنى شوقە و خانوو لەسەر هاوڵاتییانى عێراق نەوەستاوە

مەعاز فەرحان2 کاتژمێر پێش ئێستا
سلێمانى لە ڕووى پرۆژەکانى نیشتەجێبوونەوە گەشەى زۆرى کردووە، فۆتۆ؛ حەمە سوور
سلێمانى لە ڕووى پرۆژەکانى نیشتەجێبوونەوە گەشەى زۆرى کردووە، فۆتۆ؛ حەمە سوور

پووختەى هەواڵەکە

  • کاردانەوەى بڕیارەکەى دادگای کارگێڕیی سلێمانی بەردەوامە.

  • دواى دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانى، بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانیش هاتە دەنگ.

  • تاپۆکردنى شوقە و خانوو لەسەر هاوڵاتییانى عەرەب و بیانى مشتومڕى لەسەرە.


بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەى بەوەکردووە، بڕیارەکەى دادگای کارگێڕیی سلێمانی لە هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەڵە یان بە ئاڕاستەی جیاواز لێکدانەوەی بۆ کراوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە خاوەندارێتى شوقە و خانوو نەکراوە.


بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی:

  • ژینگەی وەبەرهێنان، مامەڵەی کڕین و فروشتنی یەکەکانی نیشتەجێبوون و یاساکانی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی وەک خۆیان جێبەجێ دەکرێن.

  • هیچ گۆڕانکارییەک لە مافی خاوەندارێتیی یاسایی دروست نەبووە.

  • بەگوێرەى دەستووری عێراق و یاسای تۆمارکردنی خانووبەرە و یاسای وەبەرهێنان، تەواوی هاوڵاتییانی ناوچەکانی دیکەى عێراق بەبێ جیاکاری مافی یاسایی تەواویان هەیە بۆ خاوەندارێتیی کڕینی شوقە، خانوو و یەکەکانی نیشتەجێبوون لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە شاری سلێمانی.

  • وەک دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی ڕوونی کردووەتەوە، بڕیاری ئاماژەپێکراو تەنیا تاوتوێی حاڵەتێکی تایبەتی کردووە لە ڕووی تایبەتمەندێتییەوە بڕیاری کۆتایی وەرنەگرتووە.

  • دڵنیایی تەواو دەدەینە تەواوی وەبەرهێنەران، کۆمپانیاکان و کڕیارانی یەکەکانی نیشتەجێبوون کە سلێمانی وەک هەمیشە شارێکی کراوە، ئارام و پڕ لە دەرفەتی وەبەرهێنانە بۆ هەمووان.

  • سەرجەم مافە یاسایی و داراییەکانی وەبەرهێنەران و هاوڵاتیان بەگوێرەى یاسا بەرکارەکان پارێزراون.

ئەوەش دواى ئەوە هات بڕیارێکى دادگاى کارگێڕیى سلێمانى بڵاوکرایەوە کە تێیدا هاتبوو "لە مەودوا خانو و شوقە و موڵک ناکرێت بەناوى عەرەب و بیانییەوە، ئەوەش لەپێناو پاراستن و ڕێگریکردن لە شێواندنى دیمۆگرافیاى کوردستان". بەڵام دادگاى تێهەڵچوونەوەى سلێمانى بڕیارەکە ڕەتکردەوە.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

دادگاى کارگێڕیى سلێمانى: لەمەودوا خانو و شوقە و موڵک ناکرێت بەناوى عەرەب و بیانییەوە

دادگاى تێهەڵچوونەوەى سلێمانى: هاوڵاتیانى عێراقى دەتوانن خانوو شوقە بکەن بە ناوى خۆیانەوە

Loading related news...