
شەوی ڕابروو لەسەر مامەڵەیەک دوو برا لەلایەن پورزایەکى خۆیانەوە کوژران.
کوژراوەکان خاڵۆزاى بکوژەکەن، دایکى بکوژ و قوربانى پێکەوە لە گەشتى عومرەن.
تۆمەتبارەکە لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانى هەڵاتووە و دەستگیرنەکراوە.
کەناڵ8 لە سەرچاوەى فەرمى و کەسوکارى قوربانییەکانەوە زانیاریى ئەوەى دەستکەوت کە کاتژمێر 12ـی شەو لە تەنیشت پارکی گشتیی سەنتەری شارۆچکەی ئاکرێ تاوانێکى کوشتن ڕوویدا، دوو برای 40 ساڵ و 32 ساڵ کوژراون، برایەکی دیکەشیان کە 36 ساڵ بووە بریندار کراوە.
ئەو دوو کەسەى کوژراون ناویان جەمال حاجى- پارێزەر، فەلاح حاجى_ مامۆستا.
فەلاح زاواى تۆمەتبارەکەیە، جەمال پارێزەرى تۆمەتبارەکە بووە.
تۆمەتباری سەرەکیی مامەڵەکارێکە و قەرز دەدات بە خەڵک بە قازانج لێیان وەردەگرێتەوە.
کەناڵ8 لە کەسوکارى قوربانییەکانەوە زانیاریى ئەوەى بە دەستگەیشت، کە دە خولەک پێش ڕووداوەکە تۆمەتبار (د.ن) پەیوەندى بە جەمالى پارێزەرەوە دەکات.
لەو کاتەدا جەمال تەماشاى یاریى نێوان ڕیاڵ مەدرید و لاپزیکى ئەڵمانى کردووە، هاوسەرى جەمال ئاگادارى پەیوەندییەکە بووە.
تۆمەتبارەکە کاتێک قەرز بە خەڵک دەدات دواتر کارتى بانکیان لێوەردەگرێت و مانگانە بڕێک لە قەرزەکە وەردەگرێتەوە، لە پەیوەندییەکەدا تۆمەتبارەکە بە جەمالى گوتووە "تۆ وەکالەتت بۆ کەسێک کردووە، کارتەکەى لاى منە، کەچى کەسێکى دیکەش پارە لە هەژمارەکە ڕادەکێشێت، دیارە تۆ ئەو کارەت بۆ کردووە". بەو هۆیەوە دەمەقاڵێى توند دەکەوێتە نێوانیان.
تۆمەتبارەکە بە جەمال دەڵێت وەرە بۆ پارکى گشتى و ئەویش بەڕێ دەکەوێت، لەو کاتەدا هاوسەرەکەى پەیوەندى بە براکانى جەمالەوە دەکات و داوایان لێدەکات فریا بکەون.
هەر کە جەمال دەگات ڕاستەوخۆ تۆمەتبارەکە تەقەى لێدەکات و دەستبەجێ دەیکوژێت، دواى ئەوەش تەقە لە براکانى دەکات و فەلاح دەکوژێت و ئەوى دیکەشیان بریندار دەکات.
بە ماددەی 406 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چوار تۆمەتبار دەرکراوە.
دوای ماوەی کەم لە ڕووداوەکە، سێ تۆمەتبار دەستگیرکراون، لێکۆڵینەوە بەردەوامە.


