گەشەکردن و فراوانبوونى شارى سلێمانى بەردەوامە.
بەشێک لە گوندەکانى قەراغى شار لەگەڵ گەڕەکەکان تێکەڵاوبوون.
شارەوانى خانووى گەڕەکە تازەکان تاپۆ دەکات و خزمەتگوزارییان پێدەگەیێنێت.
پەیامنێرى کەناڵ8 ڕاپۆرتێکى لەسەر ئەوە کرد، کە لەسەر نەخشەی نوێی ماستەرپلانی شاری سلێمانی، چیتر تووەسپی، فەیاڵ و کانی حەمە، کانی پیرە و قوڵقوڵە، تەنیا وەکو گوندی نزیک لە شار نامێننەوە بەڵکو وەکو پێنج گەڕەکی نوێی شارەکە هەژمار دەکرێن.
چاوەڕوانین لەگەڵ گۆڕینی ناونیشانەکەمان لە گوندەوە بۆ گەڕەک دەستی خزمەتگوزارییمان پێبگات.
بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی سلێمانی دەستی بەکار کردووە تاوەکو نەخشەیەکی نوێ بۆ ئەو پێنج گەڕەکە نوێیە ئامادە بکات.
لەسەر نەخشە شوێنی شەقامەکان، سەوزایی و خوێندنگە و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان دیاری دەکرێن.
لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی: وەکو هەنگاوی سەرەتا خانووەکانی تووە سپی و چوار گەڕەکە نوێیەکە تاپۆ دەکەین.
لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی: دواتر قۆناغ بە قۆناغ خزمەتگوزارییەکانی شەقام و ئاو و ئاوەڕۆ و سیمایەکی نوێی شارییان پێدەبەخشین.
تووە سپی و چوار گوندەکەی دیکە چیدی دەروازەی دەرەوەی سلێمانی نین، بەڵکو بەشێکن لە ناوجەرگەی ماستەرپلانە نوێیەکەی شارەکە، ئەوەی ئێستا خەڵکی ئەم ناوچانە چاوەڕێی دەکەن، خێرایی هەنگاوەکانی شارەوانییە بۆ تاپۆکردنی خانووەکانیان و جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاریی.


