
نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە سەردانى بەریتانیای کرد.
بە یاوەریی شاندێکی ماڵی کوردیی پۆرتسمۆس چەند کۆبوونەوەیەکى کرد.
بەدەستەخوشکبوونى هەردوو شارەکە و پەرەپێدانى پەیوەندییە زانستییەکان تاوتوێ کران.
نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە، بە یاوەریی شاندێکی ڕەوەندی کوردی (ماڵی کوردیی پۆرتسمۆس) و دۆستانی بەریتانی، سەردانێکی دیپلۆماسی بۆ شاری پۆرتسمۆسی بەریتانیا کرد و هەنگاوەکانی بەدەستەخوشکبوونی هەردوو شارەکە تاوتوێ کران.
پارێزگاری هەڵەبجە بە جیا لەگەڵ هەریەک لە محەممەد عەبدولقادر، پارێزگاری پۆرتسمۆس و کریس ئاتوێڵ، سەرۆکی کۆمیتەی دەستەخوشکیی پۆرتسمۆس کۆبووەوە.

زەمینەسازیی کۆتایی بۆ پەسەندکردنی بڕیاری بەدەستەخوشکبوونی هەردوو شارەکە تاوتوێ کرا.
تیشک خرایە سەر پەیوەندیی مێژوویی سەدەیەک لەمەوبەر.
وێنە مێژووییەکەی عادیلە خانم و ئەفسەرە بەریتانییەکانی ساڵی 1919 وەک هێمای دۆستایەتی پێشکەش بە پارێزگاری پۆرتسمۆس کرا.

بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان، نوخشە ناسح لەگەڵ بۆبی مێهتا، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆرتسمۆس بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کۆبووەوە.
هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر دروستکردنی پردی پەیوەندیی زانستی و ئاڵوگۆڕی خوێندکاران کرد.
بە ئامانجی ئەوەی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئەکادیمیدا، خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە بتوانن لەو زانکۆ بەریتانییە درێژە بە خوێندن بدەن.

لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، شاندەکە پارکی یادگاریی هەڵەبجەیان لە پۆرتسمۆس بەسەر کردەوە و وەک وەفایەک یادی (براین)ـی کۆچکردوویان کردەوە کە ڕۆڵێکی سەرەکیی لە بونیادنانی پارکەکەدا هەبووە.
لە کۆتاییشدا، پارێزگاری هەڵەبجە سوپاسی حکومەتی خۆجێیی پۆرتسمۆسی کرد بۆ پشتیوانیی بەردەوامیان لە پارکەکە، کە ماوەی 25 ساڵە بە فەرمیی یادی کیمیابارانی هەڵەبجە، نەورۆز و ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەو شارەدا دەکرێتەوە.
