
دانانی سیستمی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر لە زیادبووندایە.
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هاونیشتمانییان ڕوو لە دانانی سیستمی کارەبای وزەی خۆر دەکەن.
لەگەڵ بەردەوامى کێشەکانى کارەباى نیشتمانى و مۆلیدە هاونیشتمانییان زیاتر پەنا بۆ سۆلار دەبەن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، بە گوێرەی کۆتا ئامار تاوەکو 16ـی تشرینی دووەمی 2026 ژمارەی ئەو هاوبەشانەی کارەبا کە سیستمەکەیان داناوە و لە بەشی وزە نوێبووەکان تۆمار کراوە، گەیشتووەتە پێنج هەزار و 197 هاوبەش و بڕی بەرهەمهێنانی کارەبایان (115.059) مێگاواتە.
دوو مانگ لەمەوبەر کۆی ئەو هاوبەشانەی سیستمی سۆلاریان دانابوو چوار هەزار و 840 هاوبەش بووە.
کۆی بەرهەمهێنانی کارەباش (106.162) مێگاوات بووە.
چوار هەزار و 154 هاوبەشیان ماڵانن.
852 هاوبەشی بازرگانی، 30 هاوبەشی پیشەسازی و 10 هاوبەشی حکوومی سۆلاریان داناوە.
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و وزە تاوەکو دێت خواست لەسەر بەکارهێنانی سیستمی وزەی خۆر لەلایەن هاوڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە ڕوو لە زیادبوونە؛ سیستمەکە بە تیشکی خۆر کار دەکات کە سەرچاوەیەکی سروشتییە و هەموو ڕۆژێک خۆی نوێ دەکاتەوە، جیاواز لە نەوت و گاز، مەترسیی کەمبوونەوەی بڕەکەی نییە.