
دوای دوو ساڵ لە کشانەوەی، کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ عێراق. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، کۆمپانیاکە گرێبەستێکی لەگەڵ وەزارەت کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی کاری گەڕان و پشکنین لە کێڵگەی نەوتیی مەجنون لە پارێزگای بەسرە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە دوو ساڵ لەمەوبەر، ئیکسۆن مۆبیل پشکی 22.7%ـی خۆی لە کێڵگەی قوڕنە-1 گەڕاندەوە بۆ کۆمپانیای نەوتی بەسرە.
کێڵگەی نەوتیی مەجنون یەکێکە لە کێڵگە هەرە گەورەکانی جیهان.
یەدەگ: بەگوێرەی ئاماری ساڵی 2023، 58 ملیار بەرمیل نەوتی خاو و 38 تریلیۆن پێ سێجا گازی سروشتیی تێدایە.
مێژوو: لە ساڵی 1975 لەلایەن کۆمپانیای پترۆبراسی بەرازیلییەوە دۆزرایەوە، و دواتر کۆمپانیاکانی وەک تۆتاڵی فەرەنسی و شیڤرۆنی ئەمریکی کاریان تێدا کردووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق پلانی هەیە ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی مەجنون بەرز بکاتەوە لە 245 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە تا کۆتایی ئەمساڵ. ئامانجی گشتیی عێراقیش ئەوەیە کە تا ساڵی 2028، کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانەی بگەیەنێتە شەش ملیۆن بەرمیل.
کۆمپانیا ئەمریکییەکە رایگەیاندووە کە "لە گفتوگۆدایە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق." ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ستراتیژیەتێکی فراوانتری عێراقدایە بۆ زیادکردنی وەبەرهێنان، کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا نزیکەی 30 گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی وەک تۆتاڵ، بی پی، و کۆمپانیا چینییەکان واژۆ کردووە.
