ئەو بڕە نەوتەى بۆ هەرێمى کوردستان دەنێردرێت، لە پشکی پارێزگاکانى دیکەى عێراق بڕدراوە.
پێش عەلى زەیدى وەزارەتى نەوت بڕیاریدابوو 100 ملیۆن لیتر نەوت بنێرێت.
سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، ئەو 50 ملیۆن لیتر نەوتەى بڕیارە بۆ هەرێمى کوردستان بنێردرێت، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە پارێزگاکانى دیکەى عێراقى بڕیوە و لیترى بە 250 دینارە.
سروە محەممەد: ئێستا نەوتى سپى لە خەزێنەى عێراق زۆر کەمە.
لە هەفتەکانى داهاتوودا بڕێکى دیکەى نەوتى سپى ڕەوانەى هەرێمى کوردستان دەکرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە، ڕۆژى یەکشەممە، 1ـى ئەم مانگە، عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاریدا بە ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتى سپى بۆ هەرێمى کوردستان بە نرخى پاڵپشتیکراو، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانیش ڕاسپێردرا، بە خێرایی ڕێکارە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ دابەشکردنی بەشەنەوتی هەرێمى کوردستان.
هاوکات، وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان، ڕایگەیاند، ئەم بڕە نەوتە تەنیا 18%ـى پێداویستیى هەرێمى کوردستان دابین دەکات. گوتیشى، ئەم بڕە نەوتە تەنیا 18%ـی پێداویستیی هەرێمی كوردستان دابين دەکات، کە پێويستی بە نزیکەى 269 ملیۆن لیترە، ئەگەر بۆ هەر خێزانێک تەنیا 200 لیتر دابين بكرێت.
وەزارەتەکە جەختلەوەشدەکاتەوە، هەر لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە نەوتە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و كانزای شارەکانەوە بە میكانیزمێكی گونجاو و به هەمان نرخی دابينكراو لە لايەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كه 250 دینارە بۆ هەر لیترێک، دەست بە دابەشكردنی دەکات.
سامانە سروشتییەکان دووپاتی دەکاتەوە، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لەسەر هێڵ دەبێت بۆ گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتە و زیادكردنی بڕەكەی، كە لەگەڵ پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان بگونجێت.
بە گوێرەی ئەو نرخەی کە بەغداد دیاریکردووە کە250 دینارە بۆ هەر لیترێک نرخی100 لیتر نەوت دەبێتە 25 هەزار دینار و بۆ دابەشکردنی 200 لیتر 50 هەزار دینار تێچووەکەیەتی بەدەر لە کرێی گواستنەوە ، بەراورد بەو نرخانەی پێشووتر کە لە هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بۆ200 لیتر104 هەزار دینار بووە.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوان 235 هەزار بۆ 285 هەزار دینار مامەڵەی پێەوە دەکرێت، دوای ئەوەی پێشتر نرخەکەی بۆ سەروی300 بۆ330 هەزار دینار بەرز بووەوە.
