بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی مێژوویی

پووختەی هەواڵەکە

  • بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا لە دووەمین لووتکەی هاوبەشدا لە برۆکسل گەیشتنە ڕێککەوتنێکی مێژوویی.

  • ئامانج لێی دووبارە بونیادنانەوەی پەیوەندییەکان و تێپەڕاندنی کاردانەوەکانی دەرچوونی بەریتانیایە لە یەکێتییەکە.


لە کۆبوونەوەکەدا، کە ڕێککەوتنەکەی لێ هاتە بەرهەم، ئەندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا ئامادەبوون.


وڵاتانی ئەورووپا

  • بێرنهام ڕێککەوتنەکەی بە "ڕۆژێکی مێژوویی بۆ بەریتانیا و ئەورووپا" وەسفکرد.

  • سەرکردەکانی ئەورووپا ڕێککەوتنەکەیان بە "خاڵی وەرچەرخان" لە ڕێڕەوی پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا ناوبرد.

  • بڕگە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە لە چەند خاڵێک پێکهاتوون، لەوانە بەرنامەی جموجۆڵی گەنجان، کە ڕێگە بەو توێژە دەدات، لە تەمەنەکانی 18 بۆ 31 ساڵان، بتوانن لە هەردوولا، بۆ ماوەی سێ ساڵ نیشتەجێ ببن، کاربکەن، بخوێنن و گەشت بکەن، بە مەرجێک ساڵانە 100 هەزار کەس تێنەپەڕێنێت.

  • هەروەها یەکێکی دیکە لە خاڵەکان ئاسانکاریکردنە لە بازرگانیی خۆراک و کشتوکاڵدا، گومرگ لەسەر هەناردەکردنی گۆشت، شیرەمەنی، کشتوکاڵ و بەرهەمە ڕووەکییەکان کەم دەکاتەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ ستانداردە ئەورووپییەکاندا تەریب بێتەوە.

  • خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە کۆمپانیاکانی هەردوولا لە باجی زیادە لەسەر هاوردەکردنی خەڵوزی بەردین، پۆڵا، چیمەنتۆ و کارەبا دەبەخشرێن.

سەرەڕای ڕێککەوتنەکە، هێشتا مشتومڕ لەسەر چەند خاڵێک بەردەوامە، لەوانە کرێی خوێندنی زانکۆ، یەکێتیی ئەورووپا پەسەندکردنی کۆتایی و جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنانەی بەوەوە بەستووەتەوە کە کرێی خوێندن بۆ خوێندکارانی سنووری یەکێتیی ئەورووپا لە زانکۆکانی بەریتانیا کەمبکاتەوە، بەڵام بەریتانیا هێشتا رەزامەندیی لەسەر ئەمە نەداوە.

Loading related news...