
حکومەتی ئیستۆنیا بەشێوەیەکی کاتی دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ڕووسیا دادەخات.
ڕووسیاش هەڕەشەی وەڵامدانەوەی دیپلۆماسی لە ئیستۆنیای دراوسێ و ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا دەکات.
ئەم هەنگاوەی ئیستۆنیا، دوای هێرشێک هات بۆ سەر کۆمپانیایەکی بەرگریی ئیستۆنی، کە دەسەڵاتداران لە تالینی پایتەخت، هەواڵگریی سەربازیی ڕووسیایان بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد.
لە ڕۆژی یەکی کانوونی دووەمەوە هەر پێنج دەروازە سنوورییەکەی وڵاتەکەمان لەگەڵ ڕووسیا دادەخەین.
حکومەت لە شەش مانگی داهاتوودا دۆخەکە هەڵدەسەنگێنێتەوە بۆ ئەوەی بزانێت ئایا پێویستە پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکرێت یان نا.
ئەم داخستنە سەرجەم دەروازە سنوورییە وشکانییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەگرێتەوە.
مارگوس تساهکنا، وەزیری دەرەوەی ئیستۆنیا دووپاتیکردەوە کە ڕووسیا بەرپرسیارێتیی داخستنی سنوورەکانی لە ئەستۆ دەگرێت، بە گوتەی ئەو "ئەوەش بەهۆی ئەو کردەوە شەڕانگێزانەوەیە کە ڕووسیا دژ بە ئەورووپا و ئیستۆنیا دەیگرێتەبەر".
لە لایەکی دیکەوە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، مۆسکۆ وەڵامی بڕیارەکەی ئیستۆنیا دەداتەوە بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ وڵاتەکەیان، جەختی لەوەشکردەوە کە ڕووسیا بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی دەپارێزێت.
زاخارۆڤا ئەو هەنگاوەی ئیستۆنیای بە 'ڕوسۆفۆبیا' واتە ترس لە ڕووسیا و هەوڵێک بۆ دروستکردنی "دیوارێکی ئاسنین"ـی نوێ بە بیانووی هەڕەشە لە سەر وڵاتەکەیان ناویبرد.
