ئیسرائیل: سێ فەرماندەی حەماس و جیهادمان کوشتووە

سەرەڕای ئاگربەست، هیشتا سوپای ئیسرائیل هێرشی توندو سەخت دەکاتە سەر کەرتی غەززە، فۆتۆ: AFP
سەرەڕای ئاگربەست، هیشتا سوپای ئیسرائیل هێرشی توندو سەخت دەکاتە سەر کەرتی غەززە، فۆتۆ: AFP

پووختەی هەواڵەکە

  • ئیسرائیل کوژرانی سێ فەرماندەی حەماس و جیهادی ئیسلامیی لە غەززە ڕاگەیاند.

  • یەکێک لەو فەرماندانە بەشداریی لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەردا کردووە.


سوپا و دەزگای ئاسایشی گشتیی ئیسرائیل 'شاباک' کوژرانی سێ فەرماندەی حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەلەستینییان ڕاگەیاند، کە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا و بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانیانەوە بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون.


سوپای ئیسرائیل و شاباک لە ڕاگەیێنراوێکی هاوبەشدا:

  • لە هێرشێکی ئاسمانیی ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ڕابردوودا، 'ئەحمەد ئەبو ئەرمانە' کوژراوە، کە فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی لیوای کەمپە ناوەندییەکانی سەر بە جیهادی ئیسلامی بووە، بەرپرسیارە لە ڕاهێنان بە چەکدارانی گروپەکە و هەماهەنگیکردن لەگەڵ حەماس.

  • عەبدولڕەئوف نەعیم عەبدولحەی نەبهان، ڕۆژی 18ی تشرینی دووەم لە ناوچەی نوسەیرات کوژراوە، کە جێگری فەرماندەی یەکە تایبەتەکانی ناو باڵی سەربازیی حەماس بووە و لە کاتی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەردا دزەی کردووەتە ناو خاکی ئیسرائیلەوە.

تاوەکو ئێستا هیچ ڕاگەیێنراوێکی فەرمی لەلایەن حەماس و جیهادی ئیسلامییەوە دەرنەچووە، بۆ پشتڕاستکردنەوە یان ڕەتکردنەوەی کوژرانی ئەو سێ سەرکردەیە.

هەروەها لە ڕاگەیێنراوەکەدا ئاماژە بە کوژرانی 'سائیر ئەلودییە'، فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی جیهادی ئیسلامیش کراوە، کە لە شاری غەززە و لە هێرشێکی ئاسمانیدا ڕۆژی 19ی تشرینی دووەم کوژراوە.

سوپای ئیسرائیل ئەو سێ فەرماندەیە تۆمەتبار دەکەن بە هەوڵدان بۆ هێرشکردنە سەر دژی ئیسرائیل و هاووڵاتیانی سڤیل، هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی توانا سەربازییەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی و ئەمەشیان وەک پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نیوانیان لێکدەدەنەوە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

باران و لافاو کارەساتی غەززەی قووڵتر کردەوە؛ 150 هەزار خێمە لەسەر سنوور چاوەڕێن

Loading related news...