
وەزارەتى نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە هەنگاوى یەکەمدا 100 لیتر نەوت دەدرێت بە هەر خێزانێک
وەزارەتى نەوت دەڵێت، هەر لیترێک بە 150 دینار دەفرۆشرێت بە هاوڵاتییان.
وەزارەتى نەوتى عێراق دەستپێکردنى دابەشکردنى نەوتى سپى لە چەند پارێزگایەکى ناوەڕاست و خواروو بە نرخى 150 دینار بۆ هەر لیترێک ڕاگەیاند.
دەست دەکرێت بە دابەشکردنى نەوتى سپى بۆ خێزانەکانى پارێزگاکانى بەغداد و فوڕاتى ناوەڕاست و باشوور واتە (بابل، کەربەلا، نەجەف، دیوانییە، موسەننا) و دیالە و واست، بەگوێرەى کارتى ئەلیکترۆنى و پارەدانى ئەلیکترۆنى.
پڕۆسەى دابەشکردنەکە لە ڕۆژى 1ـى تشرینى دووەمى 2026 دەستپێدەکات و وەک قۆناغى یەکەمى دابەشکردنى نەوتى سپى هەر خێزانێک بڕى 100 لیتر نەوتى پێدەدرێت.
هەر لیترێک نەوت بە 150 دینارى عێراقى دەدرێت بە هاوڵاتییان و بە واتاى ئەوەى هەر 100 لیترەکە بە بڕى 15 هەزار دینار دەدرێت بە هاوڵاتییان وەک بەشە سووتەمەنى مانگەکانى تشرینى یەکەم و تشرینى دووەمى ئەمساڵ.
پێشتر لە ڕۆژى 19ـى تشرینى یەکەمى 2026، کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکان دەستپێکردنى دابەشکردنى نەوتى سپى لە ڕێگەى کۆبۆنەوە لە پارێزگاى کەرکووک، ڕاگەیاند.
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوێکى کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکان، هەر خێزانێک بڕى 100 لیتر نەوتى وەک بەشە سووتەمەنى مانگەکانى تشرینى یەکەم و تشرینى دووەم پێدەدرێت.
لە کوردستان چۆڕێک دابەش نەکراوە
دەستپێکردنى دابەشکردنى نەوت لە عێراق لە کاتێکدایە کە هێشتا لە هەرێمى کوردستان هیچ بڕە نەوتێک بەسەر هاونیشتمانان دابەش نەکراوە لە کاتێکدا کە لە ناوچە شاخاوییەکان ماوەیەکى زۆرە وەرزى سەرما دەستیپێکردووە و هاونیشتمانییان زۆر پێویستیان بە سووتەمەنى هەیە بۆ خۆگەرمکردنەوە، حکومەتى هەرێمى کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بە نووسراوى فەرمى داواى دابینکردنى نەوتى سپییان لە حکومەتى فیدراڵ کردووە.
