رۆژنامەی تەلگراف: ئەفغانییەکان بە قۆچەقانی ئەفیون دەپەڕێننەوە بۆ ئێران

كێڵگەیەكی ئەفیون لە ئەفغانستان. فۆتۆ: AP
كێڵگەیەكی ئەفیون لە ئەفغانستان. فۆتۆ: AP

رۆژنامەی تەلگرافی بەریتانی بڵاویکردەوە، لەگەڵ ئەو هەڵمەتە گەورەیەی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، بۆ لەناوبردنی چاندنی رووەکی "خشخاش" كە سەرچاوەی ماددەی هۆشبەری جۆری "ئەفیون"ە دەستپێکردووە، زۆرێک لەو جوتیارانەی سەرقاڵی چاندنی ئەو رووەکەن، رێگە و شێوازی نوێ و جیاواز بەکاردەهێنن، بۆ بە قاچاخبردنی بەرهەمەکەیان بۆ وڵاتی ئێران.

بەگوێرەى بەشێک لەو جوتیارانەی کە قسەیان بۆ رۆژنامە بەریتانییەکە کردووە، جوتیاران بە بەکارهێنانی قۆچەقانی بە تایبەت لە شەواندا، بەرهەمەکانیان دەخەنە ناو سنوورى دەوڵەتى ئێرانەوە.

جوتیاران لە سنورەکانی ویلایەتی نیمروزی خۆرئاوا، کە هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای سیستان و بلوجستانی ئێران، ئەفیونەکانیان ساخ دەکەنەوە.

رۆژنامەکە کەسێکى دواندووە کە بەردەوام خۆی دەگەیەنێتە سنوورەکە بۆ ئاودیوکردنی بەرهەمەکەی و دەڵێت، "مانگەشەو کاتێکی زۆر باشە بۆ ئێمە، بەئاسانی دەتوانرێت کەسانی دیکە لەودیوو سنورەکانەوە ببینین و شوێنەکانیان بە باشی دیاری بکەین".

 ئەو جوتیارە کە هێشتا سییەکانی تەمەنی جێنەهێشتووە دەڵێت، "بزوتنەوەی تاڵیبان هەڵمەتەکانی لە بواری قەدەغەکردنی ماددە هۆشبەرەکان چڕتر کردووەتەوە، ئێستا کارەکانمان لە تاریکایی شەودا ئەنجام دەدەین، شەوانە بەردەوام شوێن و رێگای هاتووچوومان دەگۆڕین، بۆ ئەوەی نەکەوینە بۆسەکانیان و لەگەڵیان رووبەڕوو نەبینەوە، لەهەر هەڵدانێکی قۆچەقانییەکدا بڕی نزیکەی 500 گرام بۆ دووری چەند سەد مەترێک هەڵدەدەین بۆ ناو خاکی ئێران".

جوتیارەکانی قاچاغچی ماددەی هۆشبەر لە ئەفغانستان بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، سەرباری ئەوەی ئەوان شەوانە بەزۆری ماددەی ئەفیون ئاودیو دەکەن، بەڵام لایەنی بەرامبەر زیاتر داوای ماددەی هیرۆین دەکەن، کە وەکو خۆیان دەڵێن، "لەوێوە بۆ تورکیای دەگوازنەوە".

بەر لەساڵی 2022 و گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵاتی وڵاتەکەی، ئەفغانستان گەورەترین بەرهەمهێنی ماددەی خشخاش بووە، چاندن و بەرهەمهێنانی ماددەی خشخاش لەو وڵاتە ئاسیاییە و نزیکەی لە 85%ـی کۆی بەرهەمی جیهانی ماددەی هۆشبەری ئەفیونی لێ بەرهەمدەهێنرێت.

رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، لە سەرەتای مانگی ئایاردا بەهۆی هەڵمەتێکی فراوانی هێزەکانی قەلاچۆکردنی ماددە هۆشبەرەکان لە ویلایەتی بەدخشان، ئاڵۆزی و رووبەڕووبوونەوەی توند هاتە ئاراوە، کاتێک ئەو هێزانە کەوتنە لەناوبردن و خاپوورکردنی کێڵگەکانی خشخاش لەناوچەکە.

رۆژنامە نووسیویەتی، بەگوێرەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دانیشتوانی ویلایەتی بەدخشان دروشمی دژی تاڵیبان و هیبەتوڵا ئاخونزادە، سەرۆکی بزوتنەوەکە دەڵێنەوە، کە فەرمانیکردووە بە لەناوبردن و قەدەغەکردنی چاندنی رووەکی خشخاش.

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامە بەریتانییەکە، لەوەتەی بزووتنەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر دەسەڵاتی ئەفغانستاندا گرتووەتەوە وهەڵمەتی فراوانی لە دژی چاندنی رووەکی خشخاش دەستپێکردووە، نرخی کیلۆیەک بەرهەمی رووەکی خشخاش لە 38 دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ هەزار و 225 دۆلار.

بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەفیونەوە، بەشێکی زۆر لە جوتیارەکان بەنهێنی و لەناو باخچە تایەتەکانیان یاخود لە گوندە دوورە دەستەکان، رووەکی خشخاش دەچێنن.

لە بەرامبەریشدا ژمارەیەک لە لێپرسراوانی بزووتنەوەی تاڵیبان کە بێئەوەی ناویان ئاشکرا بکات قسەیان بۆ رۆژنامەکە کردووە، بەشێک لە هەڵمەتی وێرانکردن و خاپوورکردنی کێڵگەکانی خشخاش لە سەرانسەری ئەفغانستان، مەبەستدارە و بە ئامانجی بەرزکردنەوەی نرخەکەیەکی بەشێوەیەکی بەرچاو، لە بەرژەوەندیی ئەو گەورە بەرپرسانەی تاڵیبانە، کە خاوەنی کێڵگەی نهێنی خشخاشن و بەرهەمی ئەفوین کۆگا دەکەن بۆ کاتی کرانبوونی زیاتر و کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاتر بۆ خۆیان.

یەکێک لە لێپرسراوە ناوخۆییەکانی ناوچەیەکی خۆرئاوای شاری هیراتی ئەفغانستان بە رۆژنامەکەی گووتووە، کۆی پرۆسەکە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی ئەفیونە، دوو ساڵ لەمەوبەر بەرپرسەکەم خاوەنی ماتۆڕسکیلێکی شکاو بوو، ئێستا خاوەنی دوو ئۆتۆمبێلی لاندکروزەر و ڤێلایەکی گرانبەهایە.

Loading related news...