لەبەر ئەم هۆکارە نابێت پیاوان لە خۆیانەوە قورسایی هەڵبگرن

گران جاف

بەشێکی زۆری پیاوان وەرزشی لەشجوانی و هەڵگرتنی قورسایی دەکەن، بەڵام گرنگە پێش دەستپێکردنی ئەم جۆرە وەرزشانە پشکنینێکی خۆیان بکەن.

دەوالیی گون چییە؟

دەوالیی گون بریتییەلە قەتیسبوونی خوێن لە خوێنهێنەرەکانی هێلکەگونەکاندا.

بە شێوازێکی ئاسایی خوێن لەڕێگەی خوێنهێنەرەکانی گونەوە دەگەڕێتەوە بۆ دڵ، بۆ ئەمەش ئەم خوێنهێنەرانە زمانەیان هەیە بۆئەوەی ڕێگری لە گەڕانەوە و قەتیسبوونی خوێن بکات لە گونەکاندا.

هەندێجار ئەم زمانانە بە باشی کارناکەن و خوێنێکی زۆر لەم خوێنهێنەرانەی گوندا کۆدەبێتەوە، ئەمەش گونەکان گەرم دەکات و لە ئەنجامدا بەرهەمهێنان و جوڵەی تۆو کەمدەبێتەوە، هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن کەمدەبێتەوە و کەسەکە لەوانەیە تووشی نەزۆکی ببێت.

بۆ خۆپاراستن پێویستە پیاوان ئاگایان لەم خووانە بێت

بە گشتی هەڵگرتنی قورسایی و فشارکردنی زۆر هۆکارە بۆ دروستبوونی دەوالی، لەو کەسانەشی کە خۆیان دەوالییان هەیە، بەم هەڵگرتنی قورساییە دەوالییەکەیان خراپتر دەبێت(دەوالی قۆناغی هەیە).

هەربۆیە گرنگە پیاوان پێش دەستکردن بە هەڵگرتنی قورسایی، پشکنین بکەن و بزانن کە ئایا دەوالی یان فتقی گونیان هەیە یان نا، ئەمەش بۆئەوەی حاڵەتەکەیان خراپتر نەبێت.

لەو پیاوانەشی پشکنینەکانیان باشە، پێویستە لەکاتی بەرزکردنەوەی قورساییدا پشتێن ببەستن.

یەکێکی دیکەش لەو هۆکارانەی مەترسیی تووشبوون بە دەوالیی گون زیاددەکات، بریتییەلە بەپێوەوەستانی زۆر، چونکە ئەمە وادەکات فشار لەسەر خوێنهێنەرەکان دروستببێت و کەسەکە تووشی دەوالیی گون ببێت، هەربۆیە گرنگە بە بەردەوامی بجوڵێن و چالاکییە جەستەییەکانیان زیاتر بکەن.

گران جاف

Thu Jan 08 2026

Loading related news...