
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ڕایگەیاند، یەکەم کاروانی تەنکەرەکانی نەوتی سپی بارکراوە و ئەمشەو دەگاتە پارێزگای دهۆک.
سامانە سرووشتییەکان دەشڵێت، بریارە کاروانی دیکەش بۆ پارێزگاکانی دیکە بنێردێت
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاشکرای کرد، هەر ئەمشەو یەکەم کاروانی نەوتی سپی دەگاتە کۆگاکانی پارێزگای دهۆک و دواتر لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی ئەو پارێزگایەوە، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
ڕەزامەندی بۆ ناردنی بەشە نەوتی هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان دراوە.
بڕیارە پرۆسەی بارکردن بۆ ئەو ناوچانەش دەستپێبکات.
هەر لەگەڵ گەیشتنیان بە کۆگاکان، دابەشکردنیان بەسەر هاووڵاتییاندا دەستپێبکات.
گەیشتنی ئەم کاروانەی نەوتی سپی دوای زنجیرەیەک هەنگاو و ڕەزامەندیی پێشووی حکومەتی فیدراڵ دێت کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستیان پێکرد.
لە ڕێکەوتی ١ و ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەزامەندیی سەرەتایی دەربڕی لەسەر ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان.
دواتر لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٣ و ٤ی هەمان مانگدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی بڕیاری دابینکردنی ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپیی بۆ هەرێمی کوردستان پەسەند کرد.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەم بڕە نەوتە بە نرخی پاڵپشتیکراو و فەرمیی خۆی دەداتە هەرێم کە ٢٥٠ دینارە بۆ هەر لیترێک.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە بە هەمان نرخ لەگەڵ تێچووی کەمی گواستنەوە و خەرجیی کارگێڕی کە نزیکەی ٥ هەزار دینارە بۆ هەر بەرمیلێک بەسەر ماڵاندا دابەشی دەکات.
پێشتر وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕوونکردنەوەی دابوو کە هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی تەنها یەک بەرمیل نەوت بۆ هەر خێزانێک، پێویستی بە زیاتر لە ٢٦٨ ملیۆن و ٧١٠ هەزار لیتر نەوتی سپی هەیە.