
قایمقامی دەربەندیخان رایگەیاندووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەنەبوون پێداویستییەکانی دروستکردنی شێڵتەرێکی تایبەت بە سەگی بێلانە لە شارۆچکەکەیان بگرنە ئەستۆ، هەرچەندە لایەنێکی دیکە رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر وەرگرتنی سەگە کۆکراوەکان.
سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، داوایان لە شارەوانیی دەربەندیخان کردووە، کە هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە دەستپێبکات. وەک قایمقامیەتی دەربەندیخانیش، بڕی چوار هەزار دیناریان بۆ گرتنی هەر سەگێکی بێلانە تەرخانکردووە. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، شوێنێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی دیاریکراوە بۆ کۆکردنەوەی ئەو سەگانە و لیژنەیەکیش بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە. لە ئێستادا چاوەڕێی شارەوانین بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتەکە.
سلێمان محەمەد رەتیکردەوە ناوی ئەو شوێنە ئاشکرا بکات، کە سەگە بێلانەکان تیایدا کۆدەکرێنەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە شوێنەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانییە. سەبارەت بە دروستکردنی شێڵتەر، قایمقام روونیکردەوە، کە لە هیچ شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان ئەو جۆرە شێڵتەرانە دروستنەکراون. ئەوان دەیانتوانی زەوی بۆ شێڵتەر دابین بکەن، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەنەبوون دوای دروستکردنی، پێداویستییەکانی بگرنە ئەستۆ.
بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی بۆ دروستکردنی شێڵتەر، قایمقامیەت پلانی بەدیلی گرتووەتەبەر. دوای سەردانیکردنی لایەنێکی پەیوەندیدار، رەزامەندییان وەرگرتووە و لە یەکەم قۆناغدا 40 سەگی بێلانەیان کۆکردووەتەوە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنی دیاریکراو. هەروەها شارەوانیی دەربەندیخانیش شوێنێکی دیاریکردووە، کە هەرکەسێک سەگی بێلانە دەستگیر بکات، لێیان وەردەگرن.
لە پێنج ساڵی رابردوودا، ژمارەی سەگە بێلانەکان لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پاراستنی هاوڵاتییان لە گازگرتنی سەگ، لە شاری سلێمانی و هەولێر شێڵتەری سەگی بێلانە دروستکراوە و هەزاران سەگ تیایاندا کۆکراونەتەوە.