
بەغداد داواى 445 هەزار بەرمیلى ڕۆژانە لە هەرێمى کوردستان دەکات.
هەرێمى کوردستان دەڵێت تواناى دابینکردنی ئەو بڕە نەوتەیان نییە.
ئەگەر بچەسپێت ئەوا کێشە بۆ هەرێمى کوردستان دروست دەبێت.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکى لیژنەى نەوت و گاز لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بە کەناڵ8ـى راگەیاند، گەڕانەوەى پڕۆژەیاساى بودجە بۆ وەزارەتى دارایی، بەهۆى زیادبوونى هەندێک وەزارەت بوو بۆ کابینەکەى عەلى زەیدى و لەو ڕووەوە دەستکاریى بودجە و خەرجیى ئەو وەزارەتانە کراوە.
پێدەچێت کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەو پڕۆژەیاسایە ڕەوانەى ئەنجوومەنى وەزیران بکرێتەوە.
بە داخەوە هیچ دەستکارییەکى پشکى کورد لە پڕۆژەکەدا نەکراوە و وەک خۆى ماوەتەوە.
بۆ چارەسەرکردنى ئەم پرسە و داواکارییەکانى کورد لە پڕۆژەیاساى بودجە، پێویستمان بە ڕێککەوتنى سیاسیی هەیە.
ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، مەحاڵە فراکسیۆنە کوردییەکان بتوانن ڕێگرى بکەن لە تێپەڕاندنى پڕۆژەکە.
بۆ دەنگدان بە بودجە لەسەر کورد ناوەستن.
ناکۆکیى گەورە لە نێوان هەولێر و بەغداد هەیە.
ئەوان داواى 445 هەزار بەرمیلى ڕۆژانە دەکەن.
هەرێمى کوردستان دەڵێت، تواناى ئەو ڕێژەیەیان نییە.
هەرێم داواکارى ئەوە هەبووە کە مەلەفى نەوت و ڕێژەکەى دوابخرێت بۆ دواى تێپەڕاندنى بودجە.
لە ساڵى 2027 ئەو گفتوگۆیانە بکرێت.
بەڵام حکومەتى عێراق سوورە لەسەر ڕێژەى 445 بەرمیلى ڕۆژانە و دەبێت هەرێمى کوردستان، پاپەند بێت.
کێشەکە ئەوەیە ئەگەر ئەو ڕێژەیە بچەسپێت، هەرێمى کوردستان تووشى کێشەى ناردنى بودجە وەک ساڵانى پێشوو دەبێتەوە.
بەهۆى نەناردنى ڕێژەى نەوتى دیاریکراوى ڕۆژانە، تووشى کێشەى زۆر دەبێتەوە.
لە چەند ڕۆژى ڕابردووش، سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بەگوێرەى ئەو زانیارییانەی بەدەستمان گەیشتووە، ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە دوای هەموارکردنەوەی لە وەزارەتی دارایی، هەفتەى داهاتوو ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێتەوە.
ڕاشیگەیاند، ڕێککەوتنێک هەیە لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی، کۆنووسێکی هاوبەش ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن و لەوێ بڕیار بدرێت بە زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بۆ 14.14.
بە گوێرەى ئەو ڕەشنووسەى دەست کەناڵ8 کەوتووە، کۆى خەرجییە گشتییەکان لە پڕۆژەیاساى بودجەدا بە 217 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە، کۆى داهاتیش بریتییە لە 174 تریلیۆن دینار، کورتهێنانى پلاندانراو 43 تریلیۆن دینارە. ماددەى 10 تایبەتە بە هەرێمى کوردستان.