
پارتی گەلی کۆماریی "جەهەپە"، بە نەخێر دەنگ بە پڕۆژەی درێژکردنەوەی مانەوەی سوپای تورکیا لە عێراق و سوریا دەدات و "مەهەپە و پارتی باش" بە بەڵێ دەنگی پێدەدەن.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی "جەهەپە" رایگەیاند: لەبەرئەوەی لەنێو پڕۆژەی مۆڵەتی رێپێدانی درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە عێراق و سوریا رێگە بە سەرۆککۆمار دەدات، هێزی بیانی بهێنێتە نێو تورکیا، بە نەخێر دەنگ بە پڕۆژەکە دەدەن و داواشی لە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی کرد، دەنگ بە هاتنی سوپای بیانی بۆ وڵاتەکەی نەدات.
دوابەدواى ئەوە، دەوڵەت باخچەلی، هەڵوێستی پارتەکەی راگەیاند و گوتی "بە بەڵێ دەنگ دەدەن".
ئەرهان ئوستا، سەرۆکی فراکسیۆنی "پارتی باش" جەختدەکاتەوە، کە ئەوانیش بە بەڵێ دەنگ بە پڕۆژەکە دەدەن.
لە 5ى تشرینى یەکەمى 2023، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا پڕۆژەی مۆڵەتی رێپێدانی درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی تورکیای لە عێراق و سوریا بۆ دوو ساڵ رەوانەی پەرلەمان کرد.
ناردنی سوپای تورکیا، لە 2ى تشرینى یەکەمى 2014، لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا و پێویستە دوو ساڵ جارێک لەلایەن پەرلەمانەوە درێژ بکرێتەوە.
دوایینجار لە 26ى تشرینى 2021، بە دەنگی بەڵێی "ئاکپارتی و مەهەپە و پارتی باش" درێژکرایەوە و پێویستە لە کۆتایی ئەم مانگەش جارێکی دیکە بە دەنگی پەرلەمان دەنگ بە درێژکردنەوە، یاخود وەستاندنی بدرێت.





