بەهۆی لافاوەکەی سووریا حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە

پووختەى هەواڵ

  • لە ڕۆژانى ڕابردوودا باران و لافاو چەند پارێزگایەکى سووریاى گرتەوە.

  • بەهۆی لافاوەکەوە تاوەکو ئێستا چوار کەس بێسەروشوێنن.

  • چەندین پرد و ڕێگا بەهۆى لافاوەکە زیانیان بەر کەوتووە.

  • لافاوەکە بەزۆرى ناوچەکانى دێرەزۆر و ڕەقەى گرتەوە.


بەهۆی ئەو لافاوەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە بەشێک لە شارەکانی سووریا ڕوویدا، حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسیش بێسەوشوێنن و گەڕان بەدوایاندان بەردەوامە.


رائید ساڵح، وەزیری فریاکەوتن و ئیدارەدانی قەیرانەکانی سووریا:

  • پێنج لەو کەسانەى گیانیان لە دەستداوە منداڵن.

  • 60 هاوڵاتی لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان ڕزگارکراون لەوکاتەى کە گیریان خواردبوو لە ناو لافاوەکەدا.

  • بەهۆى مەترسی ڕووخانیان دوو خوێندنگە چۆڵکراون.

  • 375 خێزانیش لە کەمپەکانی ڕەقە کە مەترسیان لەسەر بووە گوازراونەتەوە.

  • تیمەکانی بەرگریی شارستانی 250 خانوو، شوێنی گشتییان پاککردووەتەوە.

  • 150 ئۆتۆمبێلیش لە قوڕ و لیتەى لافاوەکە دەرهێنراون.

  • 100 ڕێگە و شەقامی سەرەکیش پاککراونەتەوە.

بارانى بەخوڕ و ڕەشەبا

کۆتایى هەفتەى ڕابردوو چەند پارێزگایەکی سووریا دۆخێکى ناسەقامگیرى کەشوهەوایان بەخۆوەبینى، بارانى بەخوڕ لەگەڵ هەورەبروسکە و ڕەشەبا، بووە هۆی دروستبوونی لافاو، دۆڵ و شیوەکان و ڕێگا سەرەکییەکانى گرتەوە.

فریاکەوتن و ئیدارەدانی قەیرانەکانی سووریا باسی لەوەکردووە، سەرەڕای تێپەڕینی سێ ڕۆژ بەسەر لافاوەکە، لە پارێزگاکانی ڕەقە، دێرەزوور، حەسەکە و چەند پارێزگایەکی دیکە 550 پەیوەندی فریاکەوتنیان پێگەیشتووە.

Loading related news...