کۆمیسیۆنی فریاگوزاری چەمچەماڵ کۆتا قۆناغی هاوکارییەکانی گەیاندە ئەو کەسانەی لە لافاوەکەی چەند مانگی ڕابردوو زیانیان بەرکەوتبوو.
ئەمڕۆ لە قەزای چەمچەماڵ، کۆتا قۆناغی هاوکارییەکانی تایبەت بە لافاوەکەی چەند مانگی ڕابردوو لەلایەن کۆمیسیۆنی فریاگوزارییەوە دابەشکرا. بڕی ئەو پارەیەی لەم قۆناغەدا تەرخانکرابوو زیاتر لە 471 ملیۆن دینار بووە و بەسەر زیانلێکەوتوواندا دابەشکرا.
عومەر حەمەڕەشید، ئەندامی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری چەمچەماڵ ڕایگەیاند، لەم قۆناغەدا 187 کەس هاوکارییەکەیان وەرگرتووە. ئەم کەسانە پێشتر بڕە پارەیەکیان وەرگرتبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی سکاڵایان لەسەر بڕی قەرەبووەکانیان هەبوو، لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە پێداچوونەوە بە زیانەکانیان کرا و دووبارە هاوکارییەکەیان بۆ خەرجکرایەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری، قەرەبووەکە بەم شێوەیە دابەشکراوە:
نیشتەجێبوون: 42 کەیس، بڕی هاوکارییەکەیان زیاتر لە 80 ملیۆن دینار بووە.
بازرگانی: 45 کەیس، بڕی هاوکارییەکەیان زیاتر لە 120 ملیۆن دینار بووە.
ئۆتۆمبێل: 18 کەیس، کۆی هاوکارییەکانیان 27 ملیۆن دینار بووە.
بیناسازی: 82 کەیس، کۆی هاوکارییەکانیان 244 ملیۆن دینار بووە.
سەبارەت بە بڕی هاوکارییەکان بۆ هەر کەیسێک، عومەر حەمەڕەشید ئاماژەی بەوە کرد کە کەمترین بڕی هاوکاری کە ئەمڕۆ دابەشکراوە 250,000 دینار بووە، لە بەرامبەردا زۆرترین بڕی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووان گەیشتووەتە 10,000,000 دینار.
