
ئەندامێکی شاندی دانوستانکار دەڵێت، بۆ جێبەجێکردنى ئەسیکۆدا 50%ـى داهاتى دەروازەکانمان داوا کردووە.
سامى جەلال ڕاشیگەیاندووە، تاوەکو ئێستا میکانیزمی دابەشکردنی داهاتی دەروازەکان گفتوگۆى لەسەر دەکرێت.
سامى جەلال، ڕاوێژکارى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئەندامی شاندی دانوستانکار بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند،" پرسی سیستمى ئەسیکۆدا لەنێوان هەولێر و بەغداد وەک خۆى ماوەتەوە، هێشتا لەسەر داهاتى دەروازەکان ناکۆکیی ماوە، هەرێمى کوردستان داواى کردووە 50%ـى داهاتى دەروازەکان بۆ هەرێمى کوردستان و 50%ـى بۆ عێراق بێت، لەبەرئەوەى بودجەى بەکاربردنمان نییە، بەڵام پرسەکانى دیکەى ئەسیکۆدا چارەسەر بوون".
بەغداد تاوەکو ئێستا بە ڕوونی ڕەتینەکردووەتەوە کە 50%ـى داهاتى دەروازەکان بۆ هەرێمى کوردستان بێت.
بەڵام ڕەزامەندیشى لەسەر 50% ی داهات بۆ هەرێمی کوردستان نەداوە.
هێشتا گفتوگۆ لەسەر میکانیزمی دابەشکردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکان ماوە.
سیستمى ئەسیکۆدا لەنێوان هەرێمى کوردستان و عێراق تێکەڵاوى دانوستاندنەکانى پڕۆژە بودجەى 2027ـى عێراق بووە و لەو چوارچێوەیەدا گفتوگۆ لەسەر ئەسیکۆدا دەکرێت.
حکومەتى عێراق لەسەرەتاى ئەمساڵەوە سیستمى ئەسیکۆداى لە دەروازەکانى جێبەجێ کردووە، بەڵام بەهۆى نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر داهاتى دەروازەکان، ئەسیکۆدا لەدەروازەکانى هەرێمى کوردستان جێبەجێ نەکراوە.
سیستمى ئەسیکۆدا بەئەلیکترۆنیکردنی تەواوی ڕێکارە گومرگییەکان و بەستنەوەیانە بانکی ناوەندییەوە، حکومەتی عێراق دەڵێت، لەو ڕێگەیەوە داهات زیاد دەکەن و شەفافییەت لە دەروازەکان دەچەسپێن و ڕێگریی لە بە قاچاخی و بەهەدەردان دەگرن. لەبەرامبەردا هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە، سیستمەکە لە دەروازەکانی جێبەجێ بکرێت بەو مەرجەی ڕەچاوی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بکرێت و بەشێک لە دەسەڵاتەکان و داهاتەکەی لای خۆی بێت.
