
هۆشدارییەکانی شارەزایانی کەشناسی لە هاوینەوە سەبارەت بە سەختیی زستانی ئەمساڵ و ئەگەری بارانی بەخوڕ و لافاو بەردەوامە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران کەمتەرخەم و بێپلانن لە دابینکردنی پێداویستیی شارەوانییەکان.
بەجۆرێک کە پرۆسەی ئامادەکاری تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ماوەتەوە.
لەکاتێکدا ناوچەکە بەرەو وەرزێکی سەختی زستان هەنگاو دەنێت، زانیاری و بەدواداچوونەکانی کەناڵ8 پەردە لەسەر ڕاستییەکی تاڵ لادەدەن، ئەویش ئەوەیە ، هۆشداریی شارەزایان لەلایەن لوتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە پشتگوێ خراوە. مامەڵەی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ ئەم مەترسییە سرووشتییە ڕاستەقینەیە، بەشێوازێکە وەک ئەوەی باس لە وڵات یان ناوچەیەکی دیکە بکرێت، نەک کوردستان کە ساڵانە بەهۆی لافاوەوە زیانی گیانی و ماددی گەورە بە هاووڵاتیانی دەگات.
حکومەتى کاربەڕێکەر بەرپرسانى ئیدارەى گەرمیان لەدابینکردنى بودجە بۆ ڕووبەڕووبونەوەى لافاو بێ هیوا دەکات.
“داواى دابینکردنى بودجە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى لافاو مەکەن”
هەرێمى کوردستان زیاتر لە 13 ساڵە یاساى بودجەى نییە، بەڕێوەبەرایەتییەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان هەر بڕەپارەیەکیان بۆ هەربابەتێکى هەنووکەیی پێویست بێت، دەبێت نووسراو بۆ وەزارەتى پەیوەندیدار بکەن و لەبەرئەوەى دەسەڵاتەکانیش لە ئەنجوومەنى وەزیران و لەناو ئەنجوومەنیش لەدەست چەند کەسێکى دیارییکراو کۆکراوەتەوە، نووسراوەکان لە هەر پارێزگا و ئیدارەیەکى سەربەخۆ نزیکەى شەش مانگى پێویستە تاوەکو وەڵامەکەى دێتەوە وەڵامەکەش ئەگەر بە ئەرێنى بێت.
لە ساڵانى پێشتر نووسراومان ئاڕاستەى وەزارەتى شارەوانى و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و داوامانکردووە بودجەمان بۆ دابینبکرێت.
بۆ ئەوەی بەر لە ڕوودانى کارەسات و لافاو ئامادەکارى بکەین.
بەڵام وەڵامەکە ئەوە بووە لەسەر داهاتى خۆمان ئامادەکارى بکەین.
حکومەت دەڵێـت بۆ دابینکردنى بودجە نووسراویان ئاڕاستە نەکەین، ئەگەر هەرناوچەیەکیش بەهۆى لافاو زیانى بەربکەوێت ئەوکات بڕیارى پێویست دەدرێت.
ئەگەر حکومەت لەسەر ڕێڕەوێکى ڕاست و دروست و یاسایی کاربکات ئەوا لەکاتى دانانى پرۆژە یاساى بودجە، پارەى پێویست بۆ ڕووداو کارەساتە سرووشتییەکان دابین دەکرێت و ئەو جیاکاریەش نامێنێت کە پارە بۆ ناوچەیەک خەرج بکرێت و ناوچەیەکى دیکە فەرامۆش بکرێت، هەروەها پێش ڕوودانی کارەساتەکان ئامادەکاریی دەکرێت و هەوڵی ڕێگری لە ڕوودانیان دەکرێت نەک دوای ئەوەی کارەساتە سروشتییەکان ڕوودەدەن ئینجا حکومەت و بەرپرسان دێنە سەر خەت.
باشترین و ڕوونترین بەڵگە بۆ سەلماندنی بێپلانی و خەمساردیی حکومەتی کاربەرێکەری هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر کارەساتە سرووشتییەکان، کارەساتی لافاوەکەی ساڵی ڕابردووی قەزای چەمچەماڵ بوو. دروستبوونی ئەو لافاوە و ئەو زیانە زۆرەی بەر ناوچەکە کەوت، دەرەنجامی نەبوونی ئامادەکاریی پێشوەختە بوو. هۆکاری نەبوونی ئامادەکاریش ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە حکومەتی کاربەڕێکەر بەدەم داواکاری و داخوازیی بەرپرسانی کارگێڕیی ناوچەکەوە نەهاتبوو.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کەناڵ٨ ئاشکرایان دەکات، چیرۆکی دابینکردنی ئامێرە قورسەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە سیاسەتی جیاکاری و پشتگوێخستنی ناوچەکانەوە هەیە:
ساڵی 2022 وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە داوای دابینکردنی ئامێری شۆفڵ و گرێدەری بۆ چەمچەماڵ، زاخۆ، سۆران و گەرمیان کرد. بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران لە کاتی پەسەندکردنی داواکارییەکەدا، بە مەبەست ناوی چەمچەماڵیان لە لیستەکە دەرکرد و داواکاری ناوچەکانی دیکەیان جێبەجێ کرد.
ئەیلوولی 2024 سەرۆکایەتیی شارەوانیی چەمچەماڵ نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی حکومەت کرد، تەنیا بۆ دابینکردنی بڕی چوار ملیۆن دینار بە مەبەستی چاککردنەوەی شۆفڵە شکاوەکەی شارەوانییەکە بۆ ئەوەی بۆ زستان ئامادە بێت. بەڵام حکومەت تەنانەت ئامادە نەبوو ئەو بڕە پارە کەمەش دابین بکات.
دەرەنجامی ئەم کەمتەرخەمی و پشتگوێخستنە ئەوە بوو کە لافاو شارەکەی ڕاماڵی. پاش کارەساتەکەش، حکومەت دیسان ئامادە نەبوو قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە، دواجار ئەوە سەرمایەداران و خێرخوازانی ناوچەکە بوون کە قۆڵیان لێ هەڵماڵی و هاوکاری و قەرەبووی خەڵکە زیانلێکەوتووەکەیان کردەوە.

پشتگوێخستنی داواکارییە دیاریکراوەکانی ئیدارە سەربەخۆ و دەزگا کارگێڕییەکان، زیانی ملیۆنان دۆلار بە ژێرخانی شارەکە و ماڵی هاووڵاتیان دەگەیەنێت. ئەم جۆرە لە بەڕێوەبردن، دەرخەری فاکتێکە کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت لە جیاتی گرتنەبەری سیستمی "پێشگیریی پێشوەختە"، تەنیا چاوەڕێ دەکەن کارەساتەکە ڕووبدات بۆ ئەوەی دواتر لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکبهێنن. کاتێکیش بارگرانییە داراییەکانی قەرەبووکردنەوە دەخرێتە سەر شانی خێرخوازان و کەرتی تایبەت، حکومەت شەرعییەتی ڕاستەقینەی خۆی وەک پارێزەری سەرەکیی گشتی لەدەستدەدات و جێگەی خۆی بۆ دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان چۆڵ دەکات، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر متمانەی نێوان هاووڵاتیان و دامەزراوە فەرمییەکان.
لە ئێستادا، لەسەر ئاستی خوارەوەی هەرەمی کارگێڕی (پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان و قایمقامیەتەکان) هەوڵێکی زۆر دەدرێت بۆ پاککردنەوەی ڕێڕەوەکانی ئاو و ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو. بەڵام ئەم هەوڵانە لەبەرامبەر قەبارەی مەترسییەکەدا کەمکوڕییان هەیە، چونکە لە سەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتەوە کە حکومەتە، نە پێداویستی و بودجەی پێویست بۆ شارەوانییەکان دابین دەکرێت و نە هیچ پلانێکی نیشتمانیی گشتگیر هەیە بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان لە گەورەترین مەترسیی وەرزی کە زستانی ئەمساڵە.
